بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنەکەسە لە راگەیاندراوێکیدا، دەڵێت: "لەکاتێکدا، کە گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسایش و ئارامیی زیاتر دەچێ و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی هەوڵی بەردەوام دەدا بۆ ئەوەی لە مەترسیی دەرەکی بیپارێزێ و لە تەواوی بوارەکانی سیاسی و ئابووری و ئیداری لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییانی گەشە بکا، گرووپێکی چەکداری PKK هێرشێکی چەکدارییان کردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک و بووەتە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەیێک و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە".
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو هێرشەی پەکەکە دەکات بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و جەختیش دەکاتەوە، پێویستە لەسەریان رێز لە سەروەریی هەرێمی کوردستان بگرن، کە لە دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا دانی پێدا نراوە، هەروەها زیان بە ئەمن و ئاسایشی هەرێم نەگەیەنن، کە سەرکردایەتییەکەی هەوڵی پاڵپشتیی گەلی کوردی داوە لە سەرانسەری کوردستان".
راگەیاندراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: "سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی هەرێم بە قوربانییێکی زۆرەوە بەدی هاتووە، کە پێشمەرگە قارەمانەکان و گەلی کورد لە چەندین دەیەیە پێشکەشی دەکەن، پاراستنی ئەم دەسکەوتانە لە هەڕەشەی دوژمنانی دەرەکی و ناوخۆی، ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخڵاقییە لەسەر تەواوی رۆڵەکانی گەلی کورد، لەم دۆخە هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی پێیدا تێدەپەڕن".
لەکۆتایی راگەیاندراوەکەدا، ئەنجومەنەکە داوای لە PKK و تەواوی لایەنە کوردستانییەکان کردووە، رێز لە تایبەتمەندیی هەر بەشێکی کوردستان بگرن و پارێزگاریی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکەن و هیچ لایەنێک دەستوەردان لە کاروباری ناوەخۆیدا نەکات و رێز لە یاسا و سەروەرییەکەی بگرێ.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment