ڕاگەیێندراوی هۆشداریی کۆمەڵێک نووسەر و ڕووناکبیری کورد لەبارەی مەترسیی شەڕی پەکەکە و پارتییەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- كۆمەڵێك نووسەر و وەرگێڕ و شاعیر و ڕووناکبیری كورد لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان، هۆشداری دەدەن لە هەڵگیرساندنی جەنگێكی خوێناوی و تكا دەكەن ئەو جەنگەی بەڕێوەیە رابگیرێت.

کوردپرێس:

كۆمەڵێک نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ و ڕووناکبیری ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی ڕای گشتییان كردووە هۆشداری لە هەڵگیرسانی شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە دەدەن و داوایان کردووە پێش بەو شەڕە بیگردرێت.

ئەو نووسەرانە لە بەیاننامەکەیاندا رایانگەیاندووە، "لەم دە رۆژەی دواییدا سەرنجی لە میدیا و قسەی بەرپرسە سەرەكییەكانی پارتی دابێت، دەزانێت لە پشتی گوتارەكانیانەوە پلان و ئەگەری شەڕێكی گەورە ئامادەیە، شەڕێك لە سەردەمی كارەساتی كۆرۆنا و هەژاریی و نەدارییەكی سەرتاسەریی خەڵكدا".لە كۆتایی یاداشتەكەیاندا هاتووە، "ئێمە كە لەخوارەوە ئێمزامان كردووە داوا دەكەین نەك رێگە بەم شەڕە بگیرێت، بەڵكو هەموو ئەو ئامادەكاریانەش هەڵوەشێنەوە كە بۆ بەرپاكردنی شەڕ ئامادەكراون و هێزەكان بگەڕێنەوە بنكەكانی خۆیان، ئەو كێشانەشی كە هەن بەڕێگای ئاشتیانە و لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن. خۆ ئەگەر هیچ یەكێك لەم شتانە ناكرێت، داوای ئێمە لە هێزی پێشمەرگەیە، لەو كەسانەیە كە نێردراون بۆ بەرەكان، ئەو شەڕە نەكەن و بگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان". دەقى یاداشتەکە:تكایە ئەو جەنگەی بەڕێوەیە، رابگرن.

ھەموو ئاماژەكان باس لەوەدەكەن جەنگێكی خوێناوی گەورە بەڕێوویە، ئەمجارەیان لەنێوان ھێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و گەریلاكانی پەكەكەدا. چەندان ھەواڵ و راپۆرتی جیاواز باس لە دۆخی خۆئامادەكردن بۆ جەنگ دەكەن. ھەزاران چەكدار بەرەو شوێنی مەبەست جوڵەیان پێكراوە، سەنگەرە كۆنەكان نۆژەن كراونەتەوە و سەنگەری تازە دروستدەكرێن. تەپۆڵكەكان پڕكراونەتەوە لە چەكدار، شوێنی نیشتنەوە بۆ ھەلیكۆپتەرەكان سازدەكرێت، مین لەسەر رێگاكان كۆدەكرێنەوە و چەكدارەكان لە یەكتر نزیكدەبنەوە.

ھەموو ئەم شتانە وەك پێشینەیێک بۆ پەلاماردان و رووبەڕووبوونەوە ئامادەكراون. ئەوەشی لەم دە رۆژەی دواییدا سەرنجی لە میدیا و قسەی بەرپرسە سەرەكییەكانی پارتی دابێت، دەزانێت لە پشتی گوتارەكانیانەوە پلان و ئەگەری شەڕێكی گەورە ئامادەیە. شەڕێك لە سەردەمی كارەساتی كۆرۆنا و ھەژاریی و نەدارییەكی سەرتاسەریی خەڵكدا.

بێگومان شەڕی كورد و كورد مێژوویەكی خوێناویی و ناشیرینی ھەیە. ھەمیشە سەركردە و منداڵ و ھاوڕێكانیان لە ماڵەكانی خۆیان دادەنیشن و لە دوورەوە سەیری رشتنی خوێنەكان دەكەن، بەڵام لەناو سەنگەر و تەپۆڵكەكاندا ھەوادار و ھێزە سەربازییەكانیان دەكوژن و لێیاندەكوژرێت. ئەم ھێزیان پارە و چەك لەم ھێزی ئیقلیمی و ئەویتریان لەو ھێزی ئیقلیمی تر وەردەگرێت. شەڕی ئەم ھێزانە ھەمیشە بەشێك بووە لە پیلانێكی ناشیرین بۆ كۆكردنەوەی دەسەڵاتی زیاتر و بۆ كەڵەكەكردنی زیاتری سەرمایەی و دەسكەوت.

ئەم ھەڵقەیە لە شەڕی كورد و كورد، وەك زۆر ھەڵقەی تری، تەنھا شەڕێكی ناوەكیی نەبووە و نییە، تەنھا ھەندێك ناكۆكیی ناوەكیی نێوان ھێزە كوردییەكان دروستیناكات، بەڵكو بەردەوام بەرنامە و خواستێكی ئیقلیمیی نەگریسیشی لەپشتەوەبووە و لەپشتەوەیە. پێكدادانی ئەم جارەی پارتی و پەكەكە، درێژكردنەوە و راكێشانی سیاسەتی توركیا و ئەردۆگانە بۆ ناو ھەرێمی كوردستان و لەزۆر رووشەوە ئەم جەنگە جەنگێكی لەبرییە. سوپای توركیا لە ساڵی ١٩٨٤ەوە لەگەڵ پەكەكەدا لە جەنگدایە. لەم چەند ساڵەی دواییشدا ئەم سوپایە و حكومەتەكەی ئەردۆگان بە مەبەستی لەناوبردنی یەكجارەكی پەكەكە، لە پەلاماردانێكی بەردەومدابوون بۆ سەر ناوچەكانی قەندیل. لەناو توركیا خۆشیدا رژێمی توركیا لە جەنگێكی ناوەكیدایە لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییە كوردیانەی كە رێگای خەباتی پەرلەمانی و مەدەنیان گرتۆتەبەر. ئەوەی ئێستا لە نێوان پارتی و پەكەكەدا رووئەدات، لەزۆر ئاستیدا، درێژەدانە بەم جەنگەی ئەردۆگان و توركیا دژ بە كوردانی باكور، بەڵام بە ھاریكاری و بەشداریی ھێزێكی كوردی كە خاوەنی چەك و جبەخانە و پارەیەكی زۆر و گەورەیە.

ئەوەی دەبێت رێی پێبگیرێت ڕوودانی ئەم جەنگەیە. ئەم جەنگە جگە لە خوێنڕشتن و كارەسات و جگە لە بەھێزبوون و چەسپاندنی زیاتری چەپۆكی توركیا لە ھەرێمدا، ھیچ ئەنجامێكی تری نابێت. لە دۆخی روودانیدا وێرانكردنی تەواوەتی ھەرێمەكە و گیرۆدەكردنی دەبێت بە كۆمەڵێك كێشەی وەھاوە كە چارەسەركردنیان لەژێر دەسەڵاتی خەڵكی كوردستاندا نابێت. ئەگەری دروستبوونی زۆنێكی توركیی لە ھەرێمدا دەبێتە واقیعێكی سیاسیی و سەربازیی و زیاد لە نەوەیەك بە دەست دەرەنجام و سیاستەكانییەوە گیر دەخۆن. بۆیە ئەم جەنگە لە دۆخی ڕوودانیدا، تەنھا ھەڵەیێكی سیاسیی نابێت، بەڵكو ھەڵەیەكی ستراتیژیی ترسناك دەبێت كە كێشەی گەورە و چاوەڕواننەكراو بۆ خەڵكی كوردستان دروستدەكات.

ئەم دۆخە ئەرك و بەرپرسیاریەتێكی گەورە و ھەمەلایەن دەخاتە سەرشانی ھەموو ئەو تاكەكەس و ھێز و پارتە سیاسیی و ئۆرگانە مەدەنیانەی، كە دەرك بە مەترسی دۆخەكە دەكەن. ھەوڵی رێگرتن لە روودانی ئەم جەنگە تاقە كردەیەكی سیاسی و ئینسانیی راستەقینەیە. ئەم جەنگە، گەر رووبدات، دەبێتە یەكێك لە كارەساتە ھەرە گەورە و ناقۆڵاكانی دونیای ئێمە. بۆیە رێگرتن لەڕوودانی تاقە كارێكی سیاسیی و ئەخلاقیی و ئینسانیی ڕاستەقینەیە.

ئێمە كە لەخوارەوە ئێمزامان كردووە داوا دەكەین نەك رێگە بەم شەڕە بگیرێت، بەڵكو هەموو ئەو ئامادەكاریانەش هەڵوەشێنەوە كە بۆ بەرپاكردنی شەڕ ئامادەكراون و هێزەكان بگەڕێنەوە بنكەكانی خۆیان. ئەو كێشانەشی كە ھەن بەڕێگای ئاشتیانە و لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن. خۆ ئەگەر ھیچ یەكێك لەم شتانە ناكرێت، داوای ئێمە لە ھێزی پێشمەرگەیە، لەو كەسانەیە كە نێردراون بۆ بەرەكان، ئەو شەڕە نەكەن و بگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان.

رەووف بێگەرد، نووسەر

مەریوان وریا قانع، نووسەر

نیاز عەبدوڵڵا، رۆژنامەنووس

ئەحمەدی مەلا، نووسەر

دانا رەوف، شانۆکار

چۆمان هەردی، نووسەر

سەلام عومەر، رۆژنامەنووس

زاهیر عەبە ڕەش ، شانۆکار

ئەژین عەبدولخالق، نووسەر

میران ئەبراهام، رۆماننووس

ئازاد بەرزنجی،، نووسەر

مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕ

ئەنوەر رەشید عەوڵا، شاعیر

لازۆ ئازاد، شاعیر

هیوا قادر، شاعیرو نووسەر

سەلام موحەمەد، شاعیر

ئالان پەڕی، شاعیر

گۆران مەریوانی، نووسەر

د. کامەران قەرەداخی، دکتۆر

ئاراس فەتاح، نووسەر

هۆشەنگ وەزیری، نووسەر

ئارام عەلی، شێوەکار

ئارام سەعید، نووسەرو میدیاکار

کاوە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

خالید سلێمان، نووسەرو رۆژنامەنووس

رێبین هەردی، نووسەر

هیوا فایەق، شانۆکار

سەردار محەممەد، نووسەرو رۆژنامەنووس

ئاسۆس هەردی، نووسەر

#نا_بۆ_گەڕێكی_دیكەی_شەڕی_ناوخۆ

#ئاشتی_بۆ_كوردستان

News Code 210740

Your Comment

You are replying to: .
captcha