«وەلید حاجی عەبدولقادر» سیاسەتوانی کوردی سووریا لەبارەی سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوانیاندا دەڵێت: پاش شەڕی ناوخۆی نێوان حزبە کوردییەکانی عێراق، فەرهەنگێک دروست بوو کە دژی شەڕی براکوژی لەنێوان کوردەکاندایە و پاش وتەکانی جەنابی مەسعوود بارزانی لەبارەی حەرام بوونی ڕژاندنی خوێنی کورد بەدەستی کورد ئەم فەرەهەنگە بەهێزتر بووە.
ناوبراو درێژەی دا: لەبەرامبەردا ئێمە فەرهەنگی شەڕخوازی لە پەکەک دەبینین. ئەم گرووپە لە ئەدەبیاتی خۆیدا بڕوای بە شەڕە، بۆ نموونە لەدژی کەسایەتییەکان و گرووپە جیاجیاکان دروشمی توندڕەوانە بەکار دێنێت.
سیاسەتوانە کوردەکە دەشڵێت: پەکەکە گەیشتۆتە بیرۆکەیێکی بناژۆخوازانە و هیچ شتێکی بەلاوە پیرۆز نییە جگە لە ئایدۆڵۆژیای خۆی نەبێت.
ناوبراو ئاماژەی دا بە بونیاتی مارکسیستیی پەکەکە و وەبیری هێنایەوە: ئەوان ئاماژە بە ماتریالیستی دیالێکتیکی دەکەن و هەموو شتێک بە ئایدۆلۆژیاکەی خۆیان دەسەنگێنن و هەرکەسیان لەگەڵ نەبێت بەدژی خۆیان دەزانن.
وەلید حاجی عەبدولقادر جەختی کردەوە: پەکەکە وەکوو خانە شێرپەنجەییەکان هەموو جوگرافیای کوردستانی تەنیوە و ئەمڕۆیش بەناوی پەیەدەوە دەستی بەسەر کوردستانی سووریادا گرتووە و چەند ناوچەی گرینگی وەکوو عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی تەسلیمی تورکیا کرد و خەڵکی بەروە چەوسانەوەی زیاتر برد.
ناوبراو زیاتر دەڵێت: پەکەکە وەکوو شێرپەنجە لە شەنگالەوە تا مەخموور و حاجی ئۆمەران و بارزان و دهۆک و تا سنوورەکانی ئێران و تورکیا بڵاوەی پێکراوە و بەڵام تا ئێستایش کەمترین مەترسیی بۆسەر ئێران و تورکیا دروست نەکردووە بەڵام بووەتە بەڵا بۆ گیانی هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا.
سیاسەتوانی کوردی سووریا ئاشکراشی کرد: پەکەکە و جەمیل بایەک و دەستەی سەرۆکایەتی؛ موراد قەرەیلان دەکەنە بڵەندگۆی خۆیان تا ڕای خۆی دەرببڕێت و دەبینین کە وتەکانی ناوبراو تەنها دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. ئەوان هەڵەیێکی گەورەیان کرد کە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانیان تەقاندەوە و ئەمەش کورد بەرەو شەڕ دەبات.
ناوبراو جەختی کردەوە: هەڵمەتەکانی پەکەکە چیدی لەلایەن خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە قبووڵکراو نیە و ئەورووپا و ئەمەریکایش ڕەفتارەکانی پەکەکە ڕەت دەکەنەوە و ئەمەش کاردانەوەی زۆری لەدژێ پەکەکە لێدەکەوێتەوە.
وەلید حاجی عەبدولقادر زیادی کرد: هەروەها کە پەکەکە لە ساڵەکانی 1982 و 83دا بووە هۆی ڕێککەوتنی نێوان سەدام حسێن و تورگوت ئۆزال بۆ داخڵ بوونی سوپای تورکیا تا قووڵایی 25 کیلۆمەتریی خاکی عێراق و هەروەها بووە هۆی ڕێککەوتنی ئادنا لەنێوان تورکیا و سووریا؛ ئەمڕۆکەیش هەلومەرجێکی خولقاندووە بۆ پەلکێش کردنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
ناوبراو دەڵێت: ڕوون نییە کە پەکەکە دارەدەستی کێیە بەڵام وەکوو گورگێکی هار بەدوای شەڕدا دەگەڕێت و ئەمەیش هیچ خزمەتێک بە خەڵک ناکات.
وەلید حاجی عەبدولقادر جەختیشی کردەوە: سەرەڕای ئەوەی کە پەکەکە تەقەیان لە هێزەکانی هەرێمی کوردستان کرد بەڵام دان بەخۆدا گرتنمان لەلایەن پێشەمەرگەوە بینی.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: بەبۆنەی بوونی کاریزمایێک وەکوو جەنابی مەسعوود بارزانی شایەتحاڵی شەڕی براکوژی نین هەرچەند کە پەکەکە هۆکاری گرژیەکانە. هیوادارم پەکەکە واز لە هەڵمەتەکانی بێنێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment