«فەحوڵڵا حسێنی» نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا بە هەڕەشەکانی ئەمدوایەی ئەردۆغان لەبارەی هێرش کردنە سەر کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: ئێمە سنوورێکی هاوبەشی زۆرمان لەگەڵ تورکیا هەیە و ئەردۆغان بۆ دەست درێژی کردن هەموو پلانێک دەڕقژێت.
ناوبراو درێژەی دا: هەڕەشەکانی ئەردۆغان جیدین و نەک هەر لەناوچە جیاوازەکاندا هێرش دەکاتە سەر کورد بەڵکوو لە ئاسیا و ئەفریقایشدا خەریکی پاوانخوازییە و هەڕەشەی لە ئەورووپایش کردووە.
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: تورکیا بووەتە "کەسێکی هار" و تەنها بیر لە دەستدرێژی کردن دەکاتەوە.
فەتحوڵڵا حسێنی ئاشکراشی کرد بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادەی قوربانیدانن لە پێناو زێدی خۆیان و خۆیان بە بەرپرسی پاراستنی دەسکەوتەکان دەزانن.
هەروەها پێشتر ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی دانوستانەکان لەنێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد (PYNK) و ڕایگەیاند: دانوستانەکانی قۆناخی سێهەم دەستی پێکردووە بەڵام هێشتا بڕیارێکی لێنەوەشاوەتەوە.
ناوبراو درێژەی دا: دانوستانەکانی قۆناخی سێیەم لەبارەی چۆنیەتیی بەشداریی ڕەوتە سیاسییەکانە لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا لە کوردستانی سووریا.
فەتحوڵڵا حسێنی زیادیشی کرد ئێمە گەشبینین بەوەی کە ئەم خولە لە دانوستانەکانیش سەرکەوتن تۆمار دەکات.
ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد: هەندێک پرس وەکوو بەشداریی سیاسی، پرسە ئەمنییەکان و هێزی سەربازیی کوردستانی سووریا چەند پرسێکن کە لە قۆناخی سێیەمدا تاوتوێ دەکرێن.
ناوبراو لە کۆتاییدا وەبیری هێنایەوە: کوردی سووریا لە قۆناخێکی مێژوویی تایبەتدان و دەبێت بە یەکگرتوویی خۆیان بۆ ڕووداوە گرینگەکانی داهاتوو ئامادە بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment