نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەڵمانیا دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 15 مانگی دیکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پێشوازی لەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیای دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاندووە "سوپاسی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌که‌ین بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ئه‌رکی هێزه‌ ئه‌ڵمانییه‌کان له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان. سوپاس بۆ گه‌ل و حکوومه‌تی ئه‌ڵمانی که‌ پشتیوان و هاوکارمانن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان هێشتا پێویستیمان به‌ پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشه‌".

هاوكات مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند: "ئێمه‌ پێشوازی له‌ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ین".

مه‌سرور بارزانی رۆڵی ئه‌ڵمانیا و سوپاكه‌ی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش بیر هێنایه‌وه‌ و له‌ ستایش و په‌سندی رۆڵی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیادا گوتی: "ئه‌ڵمانیا رۆڵێكی میحوه‌ری گێڕاوه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و پشتیوانی كردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ رووی راهێنان و مه‌شقی سه‌ربازییه‌وه‌".

ئه‌مساڵ نزیكه‌ی 140 سه‌رباز و راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر به‌رده‌وام بوون له‌ جێبه‌جێ كردنی ئه‌ركه‌كانیان و راهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌.

شایانی باسە ئەمڕۆ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا بڕیاری دا، ماوه‌ی ئه‌ركی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له‌ عێراق درێژ بكاته‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210656

Your Comment

You are replying to: .
captcha