سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد کۆچی دواییی كرد

بەشی فەرهەنگ و هونەر- كاكەمەم بۆتانی، نووسەری ناسراو و سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد، بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دواییی كرد.

کوردپرێس:

ڕۆژی یەكشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2020 کاتژمێر ٨:١٢ كاكەمەم بۆتانی، نووسەری ناسراو و سیاسەتمەدار و سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد، بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

لەراگەیەنراوێکیشدا بنەماڵەکەی بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ رێورەسمی بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بەڕێوە دەچێ و لەبەر پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە پرسەی بۆ داناندرێت.

کاکە مەم بۆتانى 10-1-1937 لە شاری (کۆیە) لە دایک بووەو خوێندنی سەرەتایی لە (هەرتەل) و (کۆیە) و (سلێمانی)، خوێندنی سانەوی لە (کەرکووک) و خوێندنی (زانکۆ) لە (بەغداد) تەواوکردووە.

12ساڵێک سەرکردەیێکی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە و ١٠ ساڵیش ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە تا پلەی ئەندامی لقیش چووە. لە کەرت بوونی پارتی ساڵی (1964) وازی لە پارتایەتی هێناوە. وەک کوردێکی سەربەخۆ و ئازاد لە خزمەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا بووە. زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییەکانیشی لە بەرژەوەندیی کوردایەتی و خەباتی چینە چەوساوەکاندا بووە.

یەکەم چیرۆکی لە ساڵی (1957) بڵاو کردۆتەوە. بە رای هەندێ رەخنەگر سیمایێکی نوێی پێوە دیار بووە، لە ساڵی (1968) ەوە بە یارمەتیی هەندێ ئەدیبی کوردی بەغدا، خەریکی دروستکردنی رێکخراوێکی ئەدەبی بووە. تا لە (10-2-1970) بە شێوەی رەسمی یەکێتیی نووسەرانی کوردی دامەزراند.

لە ساڵی (1971) دا لەگەڵ (30) سی ئەدیبێک، دژی بیروباوڕی کۆنە پەرست و چەوت وەستان پشگیری سەربەستی ئافرەتیان کرد. بانگەوازی (ئەی قەڵەمە نەترسەکان یەکگرن) یان بڵاوکردەوە خەریکبوو سەری هەر پێنج ئەدیبی روانگەی تێبچێت.

دوایی بزووتنەوەی رزگاریخوزاری کوردستان ساڵی (1975) گەڕایەوە لە دەزگا و بڵاوکراوەکانی راگەیاندنی حکوومەتی عەرەبی عێراق دوور کەوتەوە بەرهەمی ئەدەبی تێدا بڵاونەکردەوە.

دژی پلانی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد وەستا. نەبووە ئەندامی یەکێتیی ئەدیب و نووسەرانی عێراقیش.

بیست ساڵێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دارستان (ئەندازیاری کشتوکاڵ) بووە. کە زۆریان بۆ هێنا "تەتەوع" بکا و بچێتە ناو (سوپای میللی) خۆی خانەنشین کرد خەریکی کار و کاسپی بوو.

لە (1993) وە تا (2000) بۆ ماوەی (حەوت) ساڵ بووە (ڕاوێژکاری رووناکبیری) لە وەزارەتی رۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە (2000)ە وە حکوومەتی (سوید) ی ئیقامەی پێداوە.

کتێبە چاپکراوەکانی:

کۆمەڵە چیرۆک و کورتیلە چیرۆک :

1- بوومەلەرزە لە گۆمی مەندا- بەغدا 1969

2- سمکۆڵی ئەهریمەن – سلێمانی 1973

3- بازنە - هەولێر 1979

4- خەرەندی مەرگ - هەولێر 1992

نۆڤل و رۆمان:

1- درز - هەولێر 1997

2- کەوشەنی پەیکەر تاشێکیتر - سلێمانی 2003

3- میری ئاوایی وەرزێر – هەولێر 1992

پەخشانە شیعری شیوەن:

1- هۆ – تاکە برا - رانیە 2003

مێـژووی سـیاسی:

1- لەدوو تۆڵی یادداشتی شاردا – چاپخانەی پێشمەرگە 1984 بەنازناوی (علی خالید حەمید) دوو جاریش لە سلێمانی لە چاپدراوەتەوە.

2- تورکمانی کوردستانی باشوور – بەنازناوی (سامی فخری) سلێمانی 2002

ژیاننامە:

1- کاکی کاکان - هەولێر 1997

2- کاکە بلە. لەیاد من - سلێمانی 2007

بیرەوەری و بەسەرهاتی نووسەر:

1- کاکەمەمێکیتر - سلێمانی 2003

2- ژانە رێیە خۆڵەمێشیەکان - سلێمانی 2007

3- بەهارێزان – سلێمانی 2008

ئابووری و ئاماری:

1- دارەبەن لە پارێزگای سلێمانی – بەغدا 1985

2- بەرهەمی رۆژانەی کرێکارانی نەمامگای دارستان – هەولێر 1981.

News Code 210572

Your Comment

You are replying to: .
captcha