کوردپرێس: بەپێی راگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پێشوازی لە کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، راوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (UNITAD) کردووە و لە دیدارەکەدا پرۆسەی دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تاوتوێ کراوە.
سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، تیشکی خستە سەر دوایین ڕێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە و وتی، "ئامانج لەم دادگایی کردنە، پەند وەرگرتنە لەو تاوانانە و رێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەیان.
مەسروور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، هاوکات لەگەڵ دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەماهەنگ و هاوکاریش بێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک، بۆ قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش و ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەی، لەلایەن تیرۆریستانەوە وێران کراون، بۆ زەمینە خۆش کردن لە پێناو گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment