دکتۆر «سولەیمان ئیلیاس» سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتێژیکەکانی ناوچەی فورات لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەڕەشە نوێکانی ئەردۆغان بۆ سەر کوردستانی سووریا و وتی: پرسەکە وەکوو پێشتر نەماوە و ئەردۆغان ناتوانێت دووبارە هێرش بکاتەوە سەر کوردستانی سووریا.
ناوبراو درێژی دا: لە زۆر ناوچەدا هەن کە ئەردۆغان هەڵمەتی سەربازی دەست پێکردووە و شکستی هێناوە و ئەمەش زیاتر کردنی بەرەیێکی دیکەی شەڕ بۆ سەرۆکی تورکیا دژوار دەکات.
سولەیمان ئیلیاس لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمەریکا و کارتێکەریی لەسەر کوردستانی سووریا دەڵێت: گۆڕینی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا گۆڕانکاری دروست ناکات لە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە سووریادا.
ناوبراو زیاتر وتی: دەوڵەتی ئەمەریکا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گرێبەستێکی نەوتیی 25 ساڵەی واژۆ کردووە و ئەمەش بەم مانایەیە کە ئەمەریکا نایەوێت بەم زووانە لە سووریا بکشێتەوە تەنانەت ئەگەر پرسی سووریا چارەسەر بکرێت.
سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتێژیکەکانی ناوچەی فورات ئاشکرای کرد: ئەمەریکا ستراتێژیێکی درێژخایەنی بۆ ناوچەکە هەیە و بە هاتوچوونی سەرۆک کۆمارەکان گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ڕوونادات.
دکتۆر ئیلیاس وتیشی: ئەمەریکا بەبۆنەی کوردەوە ناهاتۆتە سووریا و بە دڵنیایەوە لەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدایە و لەم نێوانەشدا کوردەکان سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان پەیڕەو دەکەن.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: کەمتر لە 30لەسەدی خاکی سووریا لە ژێر کونترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکدایە و ئەمەش بەم مانایەیە کە لە کونترۆڵی ئەمەریکادایە بۆیەش تورکیا بەهۆی پشتیوانیی ئەمەریکا و ئەوورووپا لە کوردی سووریا، تووشی هەڵەیێکی دیکە نابێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment