«ئەحمەد شێخۆ» ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی PYD لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە کارتێکەریی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا لەسەر دۆخی کورد لە سووریا و وتی: ئەمڕۆکە ئەمەریکا دەوری سەرەکی دەبینیت و بێ گومان هەڵبژاردنەکان لە ئەمەریکا ڕەنگدانەوەی لە هەموو جیهاندا دەبێت و کوردستانی سووریاش لەم بابەتە بەدەر نییە.
ناوبراو درێژەی دا: لە ئێستادا زلهێزە جیهانییەکان لە کوردستانی سووریا ڕووبەڕووی یەکتر وەستاونەتەوە و ئەمەریکا و ڕووسیا و چین و ئێران ڕکابەریی یەکتر دەکەن، بۆیە کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکاش کوردستانی سووریا داخڵی حیساباتی خۆی دەکات.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە وتیشی: پاش ئەوەی هێزە کوردیەکان بە پشتگیریی هاوپەیمانان داعشیان تێکشکاند، کاردانەوەی ئەرێنیی زۆری لە جیهاندا بەدواوە بوو بەتایبەت ئەم هەواڵە لە ئەمریکا پێشوازیی لێکرا. لە ئەمەریکادا کاتێک کە ترەمپ فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە باکووری سووریا دەرکرد ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە تەنانەت لە حزبی کۆماریخوازدا کە پاڵپشتی ترەمپ دەکات تا ئەو ئاستەی کە چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لەسەر ئەو بابەتە دەستیان لەکارەکانیان کشایەوە.
ئەندامەکەی PYD ڕایگەیاند: بەرپرسانی ئەمەریکی کاتێک بینییان وڵاتەکەیان پشتی لە هاوپەیمانەکانیان لە سووریا کردووە کە قوربانیی زۆریان داوە دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرت بەو شێوەیە ناڕەزاییان نیشان دا.
ئەحمەد شێخۆ وەبیری هێنایەوە: تورکیا قۆستنەوە لە سەرقاڵ بوونی ئەمەریکا دەکات بە پرسی هەڵبژاردنەکانەوە و لەم ماوەیەدا چەندین هێرشی سەربازیی بۆسەر ناوچەکەیان ئەنجام داوە بۆ نموونە لەم دواییەدا چەند شوێنێک لە سەرێ کانی لەلایەن تورکیاوە تۆپباران کراوە.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک « PYD» لەبارەی سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەمبەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا جەختی کردەوە: ئێمە پێشتریش بەشێوەی ڕوون و ئاشکرا وتوومانە چارەنووسی ناوچەکەی ئێمە وابەستە نەبەسراوە بە هیچ هێزێکەوە، بەڵام بۆ خزمەت کردنی خەڵکەکەمان هەموو تواناکانمان دەخەینە کار.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment