پەکەکە: پەیوەندیمان بەهێرش کردنەسەر بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزێڕێ-وە نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل راگەیێندراوێکی لەبارەی تیرۆر کردنی بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزێڕێ بڵاو کردەوە.

کوردپرێس: ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 8-10-2020 غازی ساڵح ئالیخان، بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕێ لە گوندی بیگداو، لە سنووری قەزای ئامێدی تەقەی لێکرا و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

رۆژی سێشەممە 20-10-2020 ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "غازی ساڵح ئالیخان، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سنووری سەرزێڕی هەرێمی کوردستان لە گوندی گەلیتەی سەر بە ناحیەی کانیماسیی دهۆک لە 8ی تشرینی یەکەمدا لە ئەنجامی هێرشێکدا گیانی لەدەست دا".

دوو رۆژ دوای رووداوەکە، ئاسایشی گشتی/ هەولێر راگەیێندراوێکی لە بارەی تیرۆرکردنی غازی ساڵح بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: "دوای لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە، دەرکەوت کە لەلایەن پەکەکەوە تیرۆر کراوە و پێشتریش بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی تیرۆرکردنیان لێکردبوو."

بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە. وەک لە راگەیێندراوەکەیان ئاماژەیان پێداوە. هەپەگە دەڵێت: "بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان و هەندێک میدیا بزووتنەوەکەمانیان تاوانبار کرد و وەکوو بەرپرسیاری ئەم هێرشە تاریکە لە قەڵەم داوە. بەڵام هێزەکانمان بەهیچ شێوەیێک پەیوەندییان بەم هێرشەوە نییە. بۆیەش راگەیەنراو و هەواڵەکان لەمبارەیەوە دوورن لە راستیەوە".

دەروازەی سنووریی سەرزێڕێ لە سنووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانە.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210506

Your Comment

You are replying to: .
captcha