«عەدنان کیلۆ» سەرۆکی پارتی برایەتیی کوردستانی سووریا «P.B.K» لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە وتە نەرێنییەکانی ئەم دوایەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی کورد و کوردستانی سووریا و وتی: ڕووسیا خۆی بەتەنها هێزی ئامادە لە سووریا لەقەڵەم دەدات بۆیە تووڕەیە لە کونترۆڵی نەوتی باکووری سووریا لەلاەین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
ناوبراو درێژەی دا: ڕووسیا بەرژەوەندیی خۆی دەوێت بۆیەش خوازیاری مانەوەی بەشارە ئەسەد لە دەسەڵاتە هەموو ئەمانەش لەحاڵێکدایە کە هەمووان دەزانن دەسەڵاتداری ئەمڕۆی سووریا پووتین و لاڤرۆف و حکوومەتی ڕووسیان.
سەرۆکی پارتی برایەتیی کوردستانی سووریا لەبارەی سیاسەتی ڕووسیا هەمبەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکووری سووریا دەڵێت: ڕووسیا هەشت جار سیاسەتی خۆی هەمبەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گۆڕیوە و ڕۆژێک مافی کورد و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قبووڵ دەکات و ڕۆژێک دەڵێت کورد داوای سەربەخۆیی دەکات. ئاشکرایە کە ڕووسیا سیاسەتی بەرژەوەندیی خوازانەی خۆی لە سووریا پەیڕەو دەکات بۆیە کاردانەوە نیشان دەدات بە سیاسەتەکانی ئەمریکا هەمبەر کوردەکان.
عەدنان کیلۆ وتیشی: ئێمە بەوان دەڵێین کە جیایخوازە؟ ئێمە کە بۆ مافی خەڵکی سووریا 12هەزار شەهیدمان پێشکەش کرد یا ئەو بەکرێگیراوانەی بە پارەی تورکیا لە وڵاتانی دیکەوە لە ئیدلیب کۆ کراونەتەوە و زمان و سیاسەت و هەموو شتێک لەو ناوچەدا کراوەتە تورکی. ئێمە جیابوونەوەمان دەوێت یان ئەوان؟!
ناوبراو وەبیری هێنایەو: ڕووسیا فێڵبازە و سیاسەتێکی شەفافی نییە و لەسەر حیسابی کورد مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا و تورکیا دەکات. ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئیدلیب و بینیمان کە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی-یان ڕادەستی تورکیا کرد و مەترسیی ئەمەش هەیە کە دووبارە لەسەر باکووری سووریا لەگەڵ تورکیا مامەڵە بکەن.
سەرۆکی پارتی برایەتیی کوردستانی سووریا «P.B.K» جەخت دەکاتەوە: سیاسەتی ڕووسیا زیاتر کاردانەوە نواندنە بە هەڵمەتەکانی ئەمەریکا لە باکووری سووریا. مانگێک پێش ئێستا بوو کە لە مۆسکۆ لەنێوان ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و حزبی ئیرادەی گەل بەسەرۆکایەتیی قەدری جەمیل ڕێککەوتننامەی هاوکاری بەئامادەبوونی ڕووسیا واژۆ کرا و ڕووسیا بەڵێنی دا کە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بکات بەڵام زۆری نەخایاند کە پاش هەڵمەتەکانی ئەمەریکا لاڤرۆف لەدژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕای دەربڕی.
عەدنان کیلۆ وەبیری هێنایەوە: ئێمە بە هەستیارییەوە چاو لە سیاسەتەکانی ڕووسیا دەکەین و خۆمان ئامادەی هەر چەشنە پێکدادانێک لەگەڵ تورکیا کردووە. ڕاتە کە تورکیا دووهەم هێزی ناتۆ و پێنجەم هێزی سەربازیی دونیایە بەڵام ئێمە بۆ پاراستنی خاک و ناوچەکەمان لە هیچ هەڵمەتێکدا کۆتایی ناکەین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment