«شروان موسلیم» لە وەڵامی کوردپرێسدا کە شێوازی ڕاهێنان و خوێندن لە کوردستانی سووریا بە چ شێوەیێکە ڕایگەیاند: بەشێک لە ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، سووریاشی گرتەوە. کورد لە سووریا خاوەنی مێژوو و فەرهەنگێکی کۆنە و بوونی کورد بوونێکی مێژووییە و ئێمە پێشتر خۆمان بۆ ئەم ڕووداوانە ئامادە کردووە.
ناوبراو درێژەی دا: ستراتێژیی ئێمە هەمبەر شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستراتێژیێکی جیاواز بوو لە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە، ئێمە هێڵی سێهەممان هەڵبژارد.
شروان موسلیم زیاتر وتی: ئێمە بۆ مافی خەڵک و گەیشتن بە داخوازییەکانیان هەستاین. هەمووان دەزانن گۆڕانکاریی لە دەروونەوە گرینگترین فاکتەری هەموو شۆڕشێکە هەر بەم پێیەش زمان و فەرهەنگ لە کوردستانی سووریا لەدایک بوونێکی نوێی بەخۆوە بینیوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئێمە لە ڕێکخستنی سیاسی و ئیدارییەوە دەستمان پێکرد و گەیشتین بە ڕێکخراوەیی کردنی سیستەمی پەروەردە و ئێستا بەشێوەی فەرمی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕاگەیێنراوە.
شروان موسلیم جەختی کردەوە: ئێمە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین کەس لە خوێندن و ڕاهێنان بێ بەش نەکرێت و سیستەمی پەروەردەمان جیاوازە لە سیستەمی پەروەردەی بەعس.
جێگری هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانی لێکیدایەوە: سیستەمی پەروەردە لە کوردستانی سووریا لەسەر بنەمای فەرهەنگی و شۆناسی ناوچەکە بنیات نراوە. مافی زمانەکانی ئەم ناوچەیە پارێزراون و بە هەموو ئەم زوانگەلە مەشق دەکرێت و لەو ناوچانەی کە کورد و عەرەب و ئاشووری دەژین هەریەکە و مافی خۆیان بۆ خوێندن و نووسین هەیە.
شروان موسلیم لەبارەی بەفەرمی ناساندنی زمانەکان لە کانتۆنە جیاوازەکانی کوردستانی سووریا زیادی کرد: لەناوچەی جزیرە زمانی عەرەبی و زمانی سریانی لە زمانە سەرەکییەکان دێنە ئەژمار. لە ناوچەی کۆبانی زمانی کوردی لە ریزی زمانە سەرەکییەکاندایە و لە ناوچە عەرەب نشینەکاندا زمانی عەرەبی زمانی سەرەکییە و هەروەها لە ناوچە هاوبەشەکاندا پێویستە قوتابیان زمانی کانی دیکەش فێر ببن.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: سەرچاوەکانی خوێندن کە لە سەردەمی بەعسەوە بە جێ مابوون بەهۆی بیر و بڕوای هەڵە و ناڕاستەوە چیدی کاریان پێناکرێت و لیژنەیێک بۆ دیاری کردنی سەرچاوەی نوێ پێکهێنرا و ئێستا قوتابیان کەڵک لە سەرچاوە نوێکان وەردەگرن.
شروان موسلیم ئاشکراشی کرد: لە کۆبانی لە قۆناخی سەرەتاییەوە تا زانکۆ زمانی کوردی بەکار دەگیردرێت و لەناوچەکانی دیکە سێ زمانی کوردی و عەرەبی و سریانی کاری پێدەکرێت.
جێگری هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانی وتیشی: لە کوردستانی سووریا چەندین هونەرستان و سێ زانکۆ کراوەتەوە. زانستگای "ڕۆژاوا" لە قامیشلۆ، زانستگای کۆبانی و زانستگای عەفرین سێ زانستگای سەرەکین لە کوردستانی سووریا کە لە ئێستادا بەهۆی داگیر کرانی عەفرینەوە بۆ ناوچەی شەهبا گواستراوەتەوە.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: خەریکی ئامادەکارین بۆ زانستگای «باکوور» لە ڕەقە. لە هەموو زانستگاکاندا بەشە جیاوازەکانی پزیشکی، تەکنیکی، کۆمەڵایەتی ئامادەن و خوێندکارن لەم بەشانەدا پاش بەدەست هێنانی ئاستی پێویست، خوێندن دەست پێدەکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment