کوردپرێس:
جووتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا دوای تەواوبوونی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەدا رێکارەکانی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوتوێ کران، لەوانەش لەمەودوا هەر کەسێک پابەندی بەستنی دەمامک نەبێت، ئەوا سزا دەدرێت.
ناوبراو وتیشی: لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا هەر چوار خاڵی سنووری باشماخ و حاجی ئۆمەران و پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل، بکرێنەوە بەو مەرجەی سەنتەری پشکنینی کۆرۆنا هەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن لەو رێگایانەوە سەردانی ئێران و تورکیا بکەن.
سەبارەت بە کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن، وتەبێژی حکومەت وتی: لەگەڵ هەردو وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوتوێی کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن کراوە و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بۆ کۆبونەوەی داهاتو درێژەی دەبێت.
لای خۆیشییەوە ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند؛ نەکردنەوەی دەرگای زانکۆکان لەپێناو تەندروستی خوێندراکانە، چونکە ئەگەر تەنها قۆناغی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان بکرێنەوە، ئەوا دەبێت ژمارەیێکی زۆر خوێندکار دەوام بکەن کە ئەوەش لە ئێستادا ریسکە و جێگەی مەترسییە.
هەروەها ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەرەوەردە رایگەیاند؛ تا (1/11/2020) دەوامی ناوەندەکانی خوێندن بەردەوام دەبێت بەو رێکارەکانی کە پێشتر راگەیەندراوە و دوای ئەو وادەیە و بە پشت بەستن بە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بڕیاری نوێ دەدرێت.
Your Comment