شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ تاوتوێ کردنی سێ بابەت بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 13/10/2020، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت، بڕیارە سێ بابەتی سەرەکی لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق تاوتوێ بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس: فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان 24ی راگەیاندووە: "شاندەکە لیژنەی باڵای ئەمنی ھەماھەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیە لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی ھەماھەنگی لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان و وەزارەتی بەرگری عێراق کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ھەماھەنگییەکان دەکەین، لەو ناوچانەی کە داعش کردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام دەدات".

گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا سێ بابەتی سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، کە بریتین لە:

1- دامەزراندنی ناوەندی ھەماھەنگی لەنێوان ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کە شەش ناوەندە، لەوانیش دوو ناوەندی سەرەکی ھەن یەکێک لە بەغدا و یەکێکیش لە ھەولێر، چوار ناوەندی دیکەش لە کەرکووک و دیالە و مەخموور و مووسڵ دەبن.

2- جگە لەوە گفتوگۆ لەبارەی ھێڵی بەرگری دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، لە دیالەوە تا دەگاتەوە سنووری مووسڵ.

3- بابەتێکی دیکە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشە، بەتایبەتی لەو شوێنانە کە زانیاری ھەیە داعش بنکە و بارەگای داناوەتەوە و جموجۆڵیان ھەیە".

جەبار یاوەر، راشیگەیاند: "پێشتر لەسەر ئەم میکانیزمە گفتوگۆمان کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەمانەوێ بڕیار لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو خاڵانە بدەین، ئەگەر رێککەوتین لەسەر میکانیزمەکە دەست دەکەین بە ھەنگاوی کردەیی".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210409

Your Comment

You are replying to: .
captcha