کوردپرێس:
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەشی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی شەممە 10-10-2020 بڵاو کراوەتەوە و واژۆی حەمید رەشید فەلیح، نوێنەری حکوومەتی عێراق و رێبەر ئەحمەد، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە تێیدا هاتووە: لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارۆچکەی شنگال و بە گوێرەی بنەما دەستووری و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی کۆژانەکانی خەڵکی شنگال وەک دەستپێشخەرییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێکخستنی چوارچێوەی کارگێڕی و ئەمنی لە شارۆچکەکە، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
1. تەوەری کارگێڕی:
- دیاری کردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێکارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.
- لەلایەن لیژنەیێکی هاوبەشی هەردوولاوە دوای دیاری کردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا بنەما پیشەیی و یاساییەکان رەچاودەکرێت.
2. تەوەری ئەمنی:
- تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و هەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە.
- لە رێگەی دامەزراندنی 2500 کەسەوە لە هێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی شارۆچکەکە بەهێز دەکرێت کە لەو هێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداری پێکردنی پەنابەرانی نێو کەمپەکان لە خەڵکی شارەکە.
- کۆتایی هێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون هیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا هەبێت.
3. تەوەری ئاوەدانکردنەوە:
پێکهێنانی لیژنەیێکی هاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی ناوچەکە لە پارێزگای نەینەوا و لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاست و وردەکارییەکانی ئامانجەکەی دیاری دەکرێت.
4. بە مەبەستی چاودێری کردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا هاتووە، لیژنەیێکی مەیدانیی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ جێبەجێ کردنی رەوتی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، پێکدەهێنرێت.
پاشکۆی رێککەوتنەکە
خشتەی چاودێریی جێبەجێ کردنی رێککەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال:
1. دیاری کردنی قایمقامی نوێ؛ لایەنی جێبەجێکار: لیژنەی هاوبەش، پارێزگاری نەینەوا بەپێی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان.
2. سەیرکردنی پێگە کارگێڕییەکانی دیکە لە شارۆچکەی شنگال؛ لایەنی جێبەجێکار: لیژنەی هاوبەش، پارێزگاری نەینەوا، قایمقام بەپێی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان.
3. بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێوخۆی شارۆچکەی شنگال؛ لایەنی جێبەجێکار: بەڕیوەبەرایەتیی پۆلیسی شنگال، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان
4. دوورخستنەوەی هەموو رێکخراوە چەکداری و کۆمەڵە نایاساییەکان بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال؛ لایەنی جێبەجێکار: سەرکردایەتیی چالاکییە هاوبەشەکان، دەستەی حەشدی شەعبی
5. دامەزراندنی 2500 کەس لەنێو هێزی ئاسایشی نێوخۆی شنگالدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، لایەنی جێبەجێکار: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی ناوخۆی عێراق، 1000 کەس لە خەڵکی شنگال و 1500 کەس لەو ئاوارانەی شارۆچکەکە کە لە کەمپەکاندان
6. پێداچوونەوەی ئەمنی بە بەربژێرانی دامەزراندنی بڕگەی 5، لایەنی جێبەجێکار: لیژنەی هاوبەش، تێبینی: نابێت ئەندامانی پەکەکە و رێکخراوەکانی بگرێتەوە
7. کۆتایی هێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوجەکانی دەوروبەری و نابێت ئەو رێکخراوە و ئەوانەی سەر بەون هیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا هەبێت. لایەنی جێبەجێکار: سەرکردایەتیی چالاکییە هاوبەشەکان
8. پێکهێنانی لیژنەیێکی مەیدانیی هاوبەش بە مەبەستی بەدواداچوونی جێبەجێ کردنی ئەوەی لە تەوەرەکانی کارگێڕی و ئەمنیدا هاتووە، لایەنی جێبەجێکار: لیژنەی هاوبەش ،تێبینی: نوێنەرانی دەزگای ئاسایش لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان
9. پێکهێنانی لیژنەیێکی هاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدان کردنەوەی شارۆچکەی شنگال بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی ناوچەکە لە پارێزگای نەینەوا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment