کوردپرێس:
بە هەزاران ماسیی بەنداوی سەردەشت تیاچوون و سەرۆکی ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری سەردەشت لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە پاش ئەنجامدانی پشکنین بۆمان دەرکەوت کە ماسییەکان هەڵگری هیچ جۆرە نەخۆشی یان خود ڤایرۆسێک نین و دیارە بە نەخۆشی تیانەچوون.
خالید بایەزیدی سەرۆکی ئیدارەی ژینگەپارێزیی سەردەشت بە کوردپرێسی وتووە کە کەم بوونەوەی ئاوی ڕووباری بەنداوەکە هۆی تیاچوونی ماسییەکان بووە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە 150 مێگاوات کارەبا لە ئاوی ئەو بەنداوە بەرهەم دەهێنرێت و ئاوی خواردنەوە و ئاوی پێویست بۆ بەرهەمە جووتیارییەکانیش بە هەمان بەنداو دابین دەکرێت و پێویستە پلانێک بۆ بڕانەوەی ئاوی بەنداوەکە دابڕێژرێت.
سەرۆکی ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری سەردەشت هۆشداریی ئەوەشی دا کە ئەگەر بە هەمان شێوەی ڕابردوو ئاوی بەنداوەکە بەکار بهێنرێت ئەوا مەترسیی مردنی دوبارەی ماسییەکان دووپات دەبێتەوە چوونکە ئاستی ئەکسیجەنی ئاوەکە دادەبەزێت و ژمارەی ماسییەکان زۆرن.
شایانی باسە ساڵی پاریش هەمان ڕووداو ڕووی دا و ژمارەیێکی زۆر لە ماسییەکانی بەنداوی سەردەشت تیاچوون و سەرۆکی ئیدارەی ژینگەپارێزیی ئەو کاتەی سەردەشت ڕایگەیاندبوو کە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ئاوەکە پیس بووبێت.
Your Comment