گفتوگۆی ڕۆحانی و پووتن لەبارەی کۆرۆنا و ئاگربڕ لە قەرەباغ و ڕێککەوتنی ئەتۆمی

بەشی ئێران- سەرۆککۆماری ئێران لە پێوەندییێکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا سێ پرسی سەرەکییان تاوتوێ کرد کە بریتی بوون لە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و مەسەلەی ئاگربڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمێنیا و مەسەلەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

کوردپرێس:

ڕۆژی شەمە 19ی ڕەزبەری 1399 بەرانبەر بە 10ی تشرینی یەکەمی 2020 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە پێوەندییێکی تەلەفونیدا لەگەڵ ولادیمیێر پووتن سەرۆکی ڕووسیا دواپێشهاتی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

تەوەری سەرەکیی گفتوگۆ تەلەفونییەکەی سەرۆکی ئێران و سەرۆکی ڕووسیا بریتی بوو لە مەسەلەی کۆرۆنا و مەسەلەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و مەسەلەی ئاگربڕی نێوان دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمێنیا.

سەرەتا ڕۆحانی پێشوازیی لە ئاگربڕی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمێنیا کرد کە لە سەر خاکی قەرەباغ لەم ڕۆژانەدا پەرەی سەندبوو و دانوستانی ئاگربڕ لە مۆسکۆ و بە دەستپێشخەریی ولادیمیێر پووتن ئەنجام درابوو.

ڕۆحانی هیوای خواست گفتوگۆکان لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی قەرەباغ قووڵتر ببێتەوە و هەردوو لایەن قەناعەت بەوە بهێنن کە بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

لە بەشێکی دیکەی پێوەندییە تەلەفونییەکەدا باسی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و کەڵک وەرگرتن لە پێکوتی ڕووسیی کۆرۆنا کرا کە لە ژێر ناوی سپۆتنیک بڕیارە بڵاو بکرێتەوە.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆ تەلەفونییەکە بریتی بوو لە مەسەلەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 4 کۆ یەک.

لە بەشێکی گفتوگۆکەشدا باسی پێوەندییە دوو قۆڵییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیاش کرا.

News Code 210374

Your Comment

You are replying to: .
captcha