بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی تورکیا لە نوێترین هەنگاویدا لەدژی حزبی کوردیی پارتی دیموکراتیکی گەلان، ژمارەیێکی دیکە لە ئەندامان و نوێنەرانی ئەو حزبەی بەتۆمەتی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی دەربڕین بە گەمارۆدانی شاری کوردنشینی کۆبانی لەلایەن داعشەوە و هەوەها هاندانی خەڵک لە دژی حکوومەت؛ دەستگیر کردووە.
ژمارەیێک لە شرۆڤەکارانی پرسی تورکیا هۆکارەکانی تۆخ بوونی سەرکوتی هەدەپە لەلایەن تورکیاوە شی دەکەنەوە.
بێرک ئاسن، شرۆڤەکاری سیاسی بە ڕۆژنامەی ئینگلیزی زمانی عەرەب نیووزی وتووە حکوومەتی تورکیا بەتوندی پارتی دیموکراتیکی گەلان سەرکوت دەکات بەڵام بەچەند هۆکار خۆی دەبوێرێت لە داخستن و ڕێگری کردن لە چالاکی نواندیی ئەو حزبە کە بریتن لە: هەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکانی هەدەپە پاشهاتی نەرێنیی زۆری بۆ تورکیا بەتایبەت لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە هەیە و زەبر لە دەموچاوی دیموکراسی لە تورکیا دەدات.
ناوبراو زیاتر دەڵێت: هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بەدرێژەدان بە گوشار خستنە سەر ئەم حیزبە و (نە داخستنی بە تەواوی) دەنگی ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان ڕادەکێشێت. جگە لەمانەش حکوومەتی تورکیا پێویستی بە داخستی هەدەپە بە تەواوی نییە چوونکە لە پێشەوە قەیومەکانی خۆی لەجێگای سەرۆک شارەوانییەکان داناوە و سەدان کەس لە بەرپرسانی باڵای ئەم حزبە ی زیندانی کردووە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە بڕوای وایە کە پارتی دیموکراتیکی گەلان بەهۆی ئەو خەسارەی کە لەلایەن حکوومەتەوە بەریکەوتووە لە چەند مانگی داهاتوودا تووشی قەیرانی بەڕێوبریی ڕێکخراوەیی حزبەکەی دەبێت.
سینەم ئادار لە پەیمانگەی توێژینەوە کارپێکراوەییەکانی تورکیا-ش بڕوای وایە سەرکوتی ئەمدواییەی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان درێژەی هەمان پڕۆسەی سیستەماتیکە کە لەلایەن حزبی ئەردۆغان و نەتەوەپەرەستی تورکیاوە دژ بە سیاسەتوانانی کورد لە ساڵی 2015وە دەستی پێکردووە.
ناوبراو جەختی کردەوە ئەم پڕۆسەیە لە شێوازی جیاوازدا لەوان هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی نوێنەرانی کورد، تۆمەتبار کردنی ئەندامانی هەدەپە و ڕێگیری کردن لە بەشداریی ئەو حزبە لە پڕۆسەی سیاسی و دانیانی قەیوم لە جێگای سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە، سەریهەڵداوە.
ئەم شرۆڤەکارەی بابەتەکانی تورکیا هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە پێشێل کردنی مافی بنەڕەتیی ئەندامانی پارتی دیموکراتیکی گەلان، تەکتیکی حکوومەتی تورکیایە بۆ لەت کردن و پەرتەوازیی خستنە ناو ئەم حزبە کوردییە و دیکەی حزبەکانی تورکیایە لەوانپارتی کۆماریخوازی گەل.
ناوبراو هەروەها ئاماژی دا کە هەڵبژاردنەکانی مارچی 2019 دەریخست کە کوردەکان دەتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا دیاریکەر بن. بۆیە دژایەتی کردنی کوردەکان و سەرکوتی ڕەوتە کوردییەکان تۆختر بوویەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment