کوردپرێس:
سدقی زیلان سیاسەتوان و یایاناسی کوردی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە لێدوانەکەی ئەردغان سەبارەت بە فەڵەستین کرد و گوتی: دۆزی فەڵەستین بابەتێکی مێژوویییە. لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا فەڵەستین کەوتە بندەستی بەریتانیا و جووەکان بەرەبەرە بینای سیاسەتی خۆیان لە سەر ئەو خاکە دامەزراند. پاش شەڕی دووهەمی جیهانی لە ڕێگای بەریتانیا و چەند دەسەڵاتێکی دیکەوە ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان وەک وڵاتێکی فەرمی دانی پێدا نرا و ساڵی 1967 پاش شەش ڕۆژ شەڕ بە داگیرکردنی بەشێکی دیکەی خاکی فەڵەستین و عەرەبەکان توانیی ئەوە بسەلێمێنێت کە توانای هەیە بەگری لە خۆی بکات.
ناوبراو گوتیشی: ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر کودرەکان لە لایەن بەریتانیاوە دان بە سەربەخۆبوونیاندا نەنرابوو و ئەوان دەسەڵاتەکەی شێخ مەحموودی بەرزنجییان تێکشکاند و لە بەرامبەردا بە سیاسەتی بەریتانییەکان بوو کە تورکیا و ئەتاتورک توانییان کۆڵەکەی تورکیای نوێ بچەقێنن و کوردستانی ژێردەستی عوسمانییەکان بۆ سێ پارچەی جیا دابەش بکەن.
ناوبراو زیادیشی کرد: پاش 1948 کە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئیسرائیلی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ قبووڵ کرد، تورکیا لە پەنجاکاندا یەکەم وڵاتی ئیسلامی بوو کە بە فەرمی دانی بە بوونی ئیسرائیلدا نا و لە هەمان کاتدا شای ئێرانیش پێوەندیی باشی لەگەڵ ئەمریکاش و ئیسرائیلیش هەبوو.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: حەماس بەشێکە لە ڕەوتی ئیخوان لە ناوچەکە و چەنڕد وڵاتێکی هەرێمی پشتگیریی دەکەن. دەوڵەتی پێشووی عێراق پشتیوانی ڕەوتی ئیخوانیزم لە فەڵەستین بوو و ژمارەیێک لە وڵاتانی ناوچەکە دژی ئەو ڕەوتە بوون. ئەمڕۆکە ئێران پشتگیریی حیزبوڵڵاش دەکات و پشتگیریی حەماسیش دەکات.
سدقی زیلان ئەوەشی زیاد کرد کە مەسەلەی فەڵەستین بابەتی خاک و زەوییە و کوردەکانیش هەمان کێشەیان هەیە. دەوڵەتی ئەردۆغان و پارتی دادوگەشە لە 2003وە کە هاتنە سەر کار بە شێوازێکی نەرمتر مامەڵەیان لەگەڵ کورد دەکرد و تەنانەت دانوستانیان لەگەڵ پەکەکە دەست پێکرد بەڵام دواتر بینیمان کە ئەردۆان دەموچاوی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا کرد. دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەرە کە سەد ساڵە ستەم لەکورد دەکات و ئەمڕۆکە بە بیانووی شەڕی دژ بە پەکەکە ڕێگرە لەوەی دەسەڵاتێکی کوردی لە باکووری سووریاش دابمەزرێت. لە مەسەلەی هەرێمی کوردستانیشدا سیاسەتی تورکیا سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە و بینیمان کە لە ڕیفراندۆمدا چ هەڵوێستێکی توندی وەرگرت.
ناوبراو زیادی کرد: سیاسەتی تورکیا لە سەر ئەساسی درۆ و دژەیەکی دەڕوات و بڕوای بە مەسەلەی فەڵەستین نیە و پشتگیریی چەند گرووپێکی توندڕەو دەکات کە خاکی کوردستانی سووریایان داگیر کردووە و بەشێکیان هاووڵاتییان فەڵەستینین.
سرور خدری
Your Comment