له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌مپەکانی ئاواره‌کان دا‌ده‌خه‌ین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکوومه‌تی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت لە سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووەوە به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌مپی ئاواره‌کان داده‌خرێن.

کوردپرێس: ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق رۆژی سێشەممە، (24-11-2020) کۆبووه‌وە، حه‌سه‌ن نازم، وه‌زیری رۆشنبیری گرنگرترین بڕیاره‌کانی کۆبوونه‌وه‌که‌ی خوێنده‌وه‌ و رایگه‌یاند: سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌مپی ئاواره‌کان داده‌خرێن، روونیشی کرده‌وه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا، له‌ پارێزگاکانی عێراق هیچ که‌مپێکی ئاواره‌کان نامێنێت.

حەسەن نازم گوتی "له‌ مانگێکدا نزیکه‌ی 25 هه‌زار ئاواره‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناوچه‌کانیان، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان. له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ڵێن دراوه‌ سێ که‌مپی دیکه‌ له‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین داده‌خرێن و قه‌یرانی ئاواره‌یی کۆتایی دێت و ئێستا ته‌نیا شه‌ش که‌مپ ماون له‌ پارێزگاکانی: نه‌ینه‌وا که‌رکووک و دیاله‌ و ئه‌نبار".

وه‌زیری رۆشنبیریی عێراق هەروەها رایگەیاند "رۆژانه‌ ئاواره‌کان بۆ ناوچه‌کانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتووشدا، سێ که‌مپی دیکه‌ش داده‌خرێن. به‌م شێوه‌یه‌ قه‌یرانی ئاواره‌یی له‌ پارێزگاکانی: که‌رکووک، دیاله‌ و سه‌لاحه‌دین کۆتایی دێت و هیچ که‌مپێک نامێنێت. له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووشدا پلانێک هه‌یه‌ بۆ داخستنی که‌مپه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم".

بەپێی داتای نافەرمی، ژمارەی ئاوارەکان لە هەموو عێراق دەگاتە 5 ملیۆن و 500 هەزار کەس، ئەمەش جگە لە نزیکەی ملیۆنێک کەس کە لە ماوەی شەڕی داعشدا عێراقیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا جێهێشتووە.

هەرێمی کوردستان لە دوای هێرشی داعش، بووە شوێنی پێشوازی کردن لە ئاوارەکانی عێراق و سەدان هەزار کەس ڕوویان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەتاوەکوو ئێستاش دەیان هەزار ئێزدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە کەمپەکانی دهۆک نیشتەجێن، کە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکەیان بەهۆی بوونی گرووپی چەکدار، ناتوانن بگەڕێنەوە.

سەرچاوە: K24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 207

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha