ئەگەر کورد یەکدەنگ نه‌بێ، دوای هەڵبژاردنه‌كان  پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق لەدەست ده‌دات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی موقتەدا سەدری ئاماژە بەوەدەکات كه‌ ئەگەر دوای هەڵبژاردنه‌كانی عێراق کورد بەیەکدەنگی نەیەتە بەغدا، دوور نییە پۆستی سەرۆک کۆمار لەدەست بدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەڵاح عوبەیدی، وتەبێژی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر له‌گفتوگۆیه‌كدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە جەخت کردنەوەی کورد بۆ بەدەست هێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ڕایگه‌یاندووه‌: "بۆ دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، کورد دەبێت پێش ئەوەی بێتە بەغدا، لەسەر بڕیارێک ڕێکبکەون، گەر لایەنە کوردییەکان بە یەکدەنگی نەیەنە بەغدا، دەرفەت بەلایەنی تر دەدەن داوای پۆستی سەرۆک کۆمار بکات، بەڵام بۆچوونی ئێمە وایە، بەشداری کردنی هەموو پێکهاتەکان لەبەغدا گرنگە و هۆکارێکی گرنگیشە بۆ سەقامگیریی عێراق."

دەربارەی پۆستی سەرۆک وەزیران و خواستی سەدریەکان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، وتەبێژەکەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر جەختی کردەوە "موقتەدا سەدر دەیەوێت سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لە ڕەوتی سەدر بێت، یان بەلایەنی کەمەوە کەسێکی چاکسازیخواز بێت، بەو مانایەی بەکردار و چاکسازی ڕیشەیی ئەنجام بدات، بەڵام بەنیسبەت مستەفا کازمی و دانانەوەی لە پۆستەکەی قابیلی موناقەشەیە."

پێشتر نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران، کە ناوبراو پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەدریەکان باش نییە، لەوبارەیەوە سەڵاح عوبەیدی دەڵێت "تا ئێستا هیچ بەڵێنێک بەمستەفا کازمیش نەدراوە، ئەمە مانای ئەوەنیە کازمی لەدەرەوەی چوارچێوەی ڕکابەرێتیەکان بێت، بەڵام گەر هەلی تر بدرێتە نووری مالکی ڕەنگە کوتلەی سەدری ڕەتی بکەنەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستەمان بەرامبەر مستەفا کازمی نابێت، هەرچەندە هیچ بەڵێنێک بە کازمی نەدراوە، ئەم مەسەلە پەیوەستە بەدۆخی دوای هەڵبژاردنەوە."

وتەبێژەکەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەربارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەکرد تائێستا وا لەمەسەلەکە دەڕوانرێت 90% هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، هەموو لایەنەکان خۆیان بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن ئامادە دەکەن، خەڵکی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختدایە، خەڵکێکی زۆری سەربەخۆ خۆیان بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن ئامادە کردووە، خەڵکی عێراقیش پشتگیری هەڵبژاردنن، هەروەها مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش جدیە لە ئەنجام دانی هەڵبژاردن، بەتایبەت دوای ئەوەی لیستی دروست نەکرد، دەیەوێ سەرپەشتی هەڵبژاردن بکات.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی ڕێبەری ڕەوتی سەدر، باسی لەوە کرد کە ڕەنگە ئامانج لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە دوادەخرێت، لە هەڵبژاردنەکانی پێشتریشدا خەڵک کوژراوە و بەئامانج کراوە، بەڵام هەڵبژاردنیش ئەنجام دراوە، ڕوونیشە هەندێک لایەن دژی هەڵبژاردنن و دەزانن کورسیەکانی پێشتر ناهێننەوە، بەڵام خەڵکی عێراق هەڵبژاردنی دەوێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2052

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha