کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەمە 6ی تشرینی یەکەمی 2020 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە دەیڤد کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و شاندێكی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا بە بەشداری ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك تەوەر كرا، لەوانەش دۆخی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا.
لای خۆیەوە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و وەبەرهێنان.
قوباد تاڵەبانی ستایشی هاوكارییە ئەمنییەكانی ئەمریكای كرد بۆ عێراق و هەرێمی كورستان، بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێمیشی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە، هەروەها تیشكی خستە سەر دوا پێشهاتی گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بەغدا.
جێگری سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی کردەوە بەپێی رێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەن لەسەر بنەمای بڕگەو مادەكانی دەستوور.
Your Comment