ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری چەند چاودێرێکەوە نووسیویەتی ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا ڕایگەیاندووە کە نیازیەتی نزیکە 15 هەزار زیندانیی سەر بە داعش لە کەمی "الهول" ئازاد بکات کە ئەو داعشانە هاووڵاتیی سووریان. نزیکە 65 هەزار لەو کەمپەدا لە ژێر چاودێریدان کە سەر بە داعشن و دەوترێت زۆرینەیان هاووڵاتیی سووریا و عێراقن.
نیکۆلاس هراس لە پەیمانگای شەڕ، دەڵێت ئەوەی کە کوردی سووریا بڕیاری ئازادکردنی بنەماڵەکانی داعشی داوە لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی سیاسەتی پرۆگماتیکی بووە.
ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای وتووە بەرپرسانی کوردی سووریا چیتر ناتوانن هاوکات ژنان و منداڵانی سووریا لە کەمپی هۆڵ ڕابگرن و پێوەندیی باشیشیان لەگەڵ عەشیرە عەرەبەکان هەبێت.
نیکۆلاس هراس جەختیش دەکاتەوە کە عەشیرە عەرەبەکانی خۆرهەڵاتی سووریا بەشێکی هەرە گرینگی هێزەکانی سووریای دیموکراتن بە سەرۆکایەتیی کوردەکان. ئەو عەشیرەتانە دەتوانن یارمەتیی حەیاتی سیاسیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بدەن و یان خود ئەو هێزانە تێکبشکێنن. ئەو هەنگاوەی کوردەکان ئاشکرای دەکات کە کوردەکان بە بێ پشتگیریی عەشیرە عەرەبەکانی سووریا ناتوانن لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا سەقامگیری بچەسپێنن.
بەوەشەوە دارین خەلیفە لە دەستەی نێودەوڵەتیی قەیران بڕوای وایە کە ئازادکردنی زیندانییە سوورییەکانی کەمپی "الهول" هەڵگری لێکەوتەی خراپ دەبێت چوونکە لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا چ لە باری ئابوورییە و چ لە ڕووی فیکرییشەوە هیچ پلانێک بۆ وەرگرتنی ئەو کەسانە بە دەستەوە نیە.
Your Comment