«ساڵح کۆدای» هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە ماردین لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دەستگیر کردنی پارلمانتارانی پارتەکەی و ڕایگەیاند: ئەم پیلانە لەمێژە داڕێژراوە بۆ سڕینەوەی HDP لە گۆڕەپانی سیاسی.
ناوبراو زیادی کرد پارتی داد و گەشە و پارتی نەتەوە پەرەست بەبۆنەی شکستە سیاسییەکانیانەوە دەستیان کردووە بە دەستگیر کردنی بەربڵاوی ئەندامانی پارتی دیموکراتیکی گەلان بەتایبەت پەرلەمانتارە پێشووەکانی هەدەپە.
هاوسەرۆکی HDP لە ماردین پێشتر لە دیمانیێکدا بە کوردپرێسی ڕاگەیاندبوو: تا ئەمڕۆ هاوسەرۆکانی حزب، سەرۆک شارەوانییەکان و ژمارەیێک زۆر لە ئەندامانی حزب لەلایەن ئاکپارتیەوە دەستگیر کراون و خراونەتە زیندان. ئامانجی ئاکپارتی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەش ئەوەیە کە هەدەپە واز لە سیاسەت بێنێت.
ساڵح کۆدای لە وەڵامی پرسیارێکدا کە پارتی دیموکراتیکی گەلان چ پلانێکی بۆ ڕاکشانی دەنگی هاووڵاتییانی کورد هەیە وتی: پارتی دیموکراتیکی گەلان تەنها حزبی کوردەکان نییە. ئامانجی هەدەپە تەنها ئازاد کردنی میللەتێک نییە بەڵکوو دەیەوێت خزمەت بە هەموو گەلانی تورکیا بکات.
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە ماردین جەختی کردەوە: پارتی دیموکراتیکی گەلان حزبێکی سەرانسەرییە و پاڵپشتی لە هەموو بیروبڕوا ئازادەکان دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment