کوردپرێس:
وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی ژمارهی سپاردنی كتێب لهلایهن ئهو وهزارهتهوه ڕاگهیاند و ئەوەش کاردانەوەی کۆڕی نووسەران و چالاکانی بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی لێکەوتۆتەوە و لە نێوانیانیدا بەختیار عەلی نووسەری بەرجەستەی کورد ڕەخنەی لە بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری گرتووە.
بەختیار عەلی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئیدانەی بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی کردووە و داواش دەکات بێ مشتومڕ و دەستبەجێ بڕیارەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.
وتەکانی بەختیار عەلی لە کاتێکدایە کە پێشتر سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی مەسەلەی چاپ و بڵاو کردنەوە بە کوردپرێسی وتبوو لە هەرێمی کوردستان بۆ چاپ و بڵاو کردنەوە هیچ فیلتەرێک نییە. تەنها لە مەسەلەی چاودێریدا چەند خاڵی گرینگ دەپارێزین. یەکەمیان ئەوەیە کە هیچ کتێب یان بڵاو کراوەیێک لای ئێمە تێناپەڕێت ئەگەر دژ بێت بە ئاسایشی نەتەوەیی. خاڵی دووهەم ئەوەیە سووکایەتی و تەوهین بە ئایین و نەتەوە و ئایینزاکان نەکرێت.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی بەختیار عەلی کە لە فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە:
ڕوونکردنەوەیێک سەبارەت بە هەوڵی زیندووکردنەوە و سەپاندنی سانسۆر لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمەوە.
وەک زۆربەی خوێنەران و نووسەران و ڕۆشنبیران ئاگادارن، لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا، بڕیارێک لە وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەرچووە، بە ڕوونی هەوڵێکی ڕاستەوخۆیە بۆ زیندووکردنەوە و سەپاندنەوەی سیستمی سانسۆر بەسەر کتێب و چاپەمەنیدا. ئەم بڕیارە و ئەو بەڵگانەی خراونەتە ڕوو بۆ جوانکردن و بە ئاسایی دەرخستنی، تەنیا دەمامکن بۆ شاردنەوەی جەوهەری نادیموکراتی بڕیارەکە.
سەپاندنی سانسۆر لە ناو سیستمە هەرە دیکتاتۆرییەکاندا مایەپوچ بووە و زەمینەی نەماوە، ئەمڕۆ لەسەر دەمی ئینتەرنێت و نەمانی سنوورەکاندا هیچ کەس ناتوانێت سانسۆر بخاتە سەر وشە و داهێنان، هیچ وشەیەک و هیچ تێکستێک نییە کەس بتوانێت ڕێگای لێبگرێت بگاتە خەڵک.
وەک پەرچەکرداری یەکەم و سەرەتایی، وادەبینم ئەم بڕیارە دەبێت بێ هیچ گفتوگۆ و قسە لەسەر کردنێک لەلایەن هەموو ڕۆشنبیران و دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و چاپخانەکانەوە بە یەک دەنگ ڕەتبکرێتەوە و جێبەجێ نەکرێت. ئەوە بۆچوونی تایبەتی منە و هیوادارم تێکڕای نوسەران، ڕۆشنبیران، ناشیرەکان، خاوەن چاپخانە و کتێبخانەکان لەم خاڵەدا تەبا و یەک دەنگ بن. گەر بڕیارەکە بە زووترین کات و بێ هیچ چەندوچونێک نەوەستێنرێت، شتی ترسناکتری بەدوادا دێت، ئەم بڕیارە لە مەودای دووردا تەنیا نوسەران و ئەهلی کتێب ناگرێتەوە، بەڵکو تێدەپەڕێت بۆ هونەرمەندان و شانۆکاران و سینەماکارانیش.
من خۆم وەک ناڕەزاییەک، لە چەند هەفتەی داهاتوودا کاتێک ڕۆمانە نوێیەکەم چاپدەکەم، بۆ یەکەم جار بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن چاپی دەکەم و لە جێگای ژمارەی سپاردن تێکستی دژ بە سانسۆر و سەرکوتی فیکری دەنوسم. هیوادارم ناچار بە کاری وانەبین و بڕیارەکە زوو بدڕێنرێت و بخرێتە سەتڵی خۆڵەوە، بە هیوام ئەوانەشی لە پشتی ئەم بڕیارەوەن تێبگەن کوردستان لە کێشە و گرفتی کەم نییە تا داهێنان لە دروستکردنی کێشە و گرفتی تازەدا بکەن، لەوەش دڵنیابن ئەم بڕیارە هیچ مانایەکی نییە و ناتوانێت ڕێگا لە یەک وشە بگرێت بگاتە خوێنەران.
عەقڵییەتی پشت ئەم بڕیارە عەقڵییەتێکە هێشتا تەواو تێنەگەیشتووە ئێمە لە چ سەردەمێکدا دەژین. باوادبنێین وەزارەتی ڕۆشنبیریی، وەک فاشیستە گەورەکانی مێژوو پۆلیس دەخاتە گیانی کتێب و دەکەوێتە کۆکردنەوە و سووتاندنی کتێبەکانمان، ئایا بیریان لەوە نەکردۆتەوە ناتوانن ڕێگا لەوە بگرن لە ڕێگای نێتەوە بگەینە خوێنەران، بیریان لەوە نەکردۆتەوە چ باجێکی مێژوویی قورسە و بەر چ نەفرەتێکی مێژوویی دەکەون کاتێک ناویان وەک قارەمانی هێنانەوەی سانسۆر، دەچێتە مێژووی نوسین و ئەدەبیاتی کوردەوە.
لە ڕاستیدا قسە ئێجگار زۆرە بکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئاواتەخوازم بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە، چونکە بەرپرسان لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەبێت لەوە دڵنیابن، دامەزراندنەوەی سیستمی سانسۆری دەوڵەتی بەو مۆدێلە کلاسیکییەی زەمانی بەعس، وەک ئەوان بیری لێدەکەنەوە، خەیاڵێکی منداڵانە و ناتەندروستە، سانسۆر جارێکی تر ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان. سانسۆر و ئەو عەقڵییەتەشی بڕوای پێیەتی جێگایان وەزارەتی ڕۆشنبیریی نییە، بەڵکو جێگایان مۆزەخانەکانە.
"بەختیار عەلی"
Your Comment