کوردپرێس: گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردن کارانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هەردوو کونسولی نوێی بازرگانی و گومرگی کونسولخانەی تورکیا سەردانیان کردین، گفتووگۆمان کرد لەبارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و هەرێم و عێراق، هەروەها هەماهەنگی نێوانمان دووپات کردەوە بۆ ئاسانکاری بازرگانانی هەردوولا، کە پێمان وایە قۆناغی ئێستای بازرگانی دەبێ جیاواز بێت.
گەیلان حاجی سەعید دەشڵێت، کونسوڵی بازرگانی تورکیا جەختی لە هەماهەنگی و ئاسانکاری بۆ بازرگانانی هەرێم کردەوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئاڵووگۆڕی بازرگانی.
سەبارەت بە قەبارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانی و کاریگەریەکانی کۆڕۆنا ڕوونی کردەوە، ئامارێکی ورد نیە، بەڵام شەش مانگی ڕابردوو بەهۆی کۆڕۆنا ئاستی ئاڵووگۆڕی بازرگانی زۆر دابەزی، بەڵام لەدوای مانگی شەش ئاستەکە بەرز بۆتەوە بەئومێدین ئاستی ئاڵووگۆڕی بازرگانی بگاتەوە بە ئاستی ساڵی ٢٠١٩ کە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عیراق بووە، هیواداریشن ئاستەکە زیاتر بەرزبێتەوە، لەهەمان کاتدا تورکیا هاوکاربێت لەدامەزراندنی کارگە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment