«تارق خێرەکی» جێگری سەرۆکی شەپێلا ئازادیا کوردستانی (ŞAK) لە سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕێککەوتننامەی یەکگرتن و هەروەها پێکهێنانی مەرجەعی باڵای کورد لەنێوان ئەنەکەسە و حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد لە سووریا و وتی: ئەمە یەکەم جار نییە کە ڕێێکەوتن لەنێوان PYNK و ENKSدا دەکرێت. پێشتریش لە پەیمانی هەولێری یەک، هەولێری دوو و دهۆک-دا لەسەر بەڕێوەبردنی هاوبەش ڕێککەوتبووین بەڵام بەداخەوە کە پەیەدە پێبەندی ڕێککەوتنەکان نەبوو.
ناوبراو درێژەی دا: هۆکاری شکستهێنانی دانوستانەکان پەیەدە بوو. ئەم حزبە دەبێت دەرک بە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای سیاسی کوردانی سووریا و دۆخی ناوچەکە بکات.
پێشتر جێگری سەرۆکی شەپێلا ئازادیا کوردستانی (ŞAK) لە سووریا سەبارەت بە پێشمەرگەی ڕۆژ کە سەر بە ئەنەکەسەیە بە کوردپرێسی وتووە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ هێزێکی سەر بە هاووڵاتییانە و خەڵکی کوردستانی سووریا پشتگیریی لێدەکەن و بوونی ئەو هێزانە بۆ هاووڵاتییان شتێکی زەروورییە.
تارق خێرەکی ئاشکراشی کرد: هەر دانوستانێک کە دەست پێبکات و مەسەلەی پێشمەرگەی ڕۆژ یەک لە تەوەرە گرینگەکانی نەبێت ئەو دانوستانە ئەنجامی نابێت و هەر ڕێککەوتنێکیش کە مەسەلەی پێشمەرگەی ڕۆژی تێدا ڕەچاو نەکرابێت سەر ناگرێت.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە ئەوان وەک ڕەوتی ئازادیی کوردستانی لە سووریا لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیی کوردەکان پشتگیریی دیالۆگی کوردی-کوردی لە سووریا دەکەن.
تارق خێرەکی لە کۆتاییدا گوتیشی: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا گۆڕانێکی ڕیشەیی ئەزموون دەکات و کوردیش بەشێکە لەو گۆڕانکارییانە و پێویستە خۆی بۆ ئەو گۆڕانە ئامادە بکات. بۆیە پێویشتە لایەنە کوردییەکان لە سەر پڕۆژە و بەرژەوەندیی هاوبەش بگەنە ڕێککەوتن و پێشوازی لە گۆڕانکارییەکان بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment