نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تاران: دژەتیرۆری یەکێتی و پارتی بە هیچ شێوەیێک پێوەندییان بە تیرۆرکرانی شەهید سولەیمانییەوە نەبووە  

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تاران کۆی ئەو باسانە ڕەت دەکاتەوە کە لەبارەی تێوەگلانی دەزگا یان دامەزراوەیێکی هەرێمی کوردستان لە تیرۆرکردنی شەهید سولەیمانی بڵاو کراونەتەوە.

کوردپرێس:

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەئێران رایگەیاند، دەنگۆی "تێوەگلانی" دەزگای دژەتیرۆر لە تیرۆرکردنی سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران جگە لە هەوڵێک بۆ تێکدان و دروستکردنی پشێوی لەهەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران هیچ شتێكی دیکە نیە، بۆیە داوا دەکەن هەموان بەیەکەوە "ئەو سەرچاوانە کۆر کەینەوە کە سەرچاوەی درۆ و ناڕاستین لەسەر ناو و ناوبانگی هەموو بەشداربوویێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان".

نازم دەباغ، گوتیشی: "دیارە ئەو دەنگ و باسانەی کە ئێستا بڵاو کراونەتەوە بەتایبەتی لەسەر ڕووداوی تیرۆرکردنی حاجی قاسم سولەیمانی بەدڵنیاییەوە من تەئکید دەکەمەوە ئەوە بەغەیری ئەوەی دەستێک بێت بۆ تێکدان و دروستکردنی پشێوی لەهەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران هیچ شتێكی دیکە نیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم کارە نەدژەتیرۆری یەکێتی و نەدژەتیرۆری پارتی بەبەڕوای من دوور و نزیک ئاگایان لێ نیە، چوونکە بەندە جگە لەوەی کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانم نەشاراوەیە و نەشاردووشمەتەوە کە نوێنەری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیشم لەتاران، بۆیە لەکاتێکدا شتێکی واببێت و زیاتر لەساڵێکە ئەم ڕووداوە ڕووی داوە دەکرا لە بۆنەیێکدا ئاگادار بکرێینەوە وەک نوێنەر کە حزبەکەمان بزانێت کەکارێکی واکراوە".

نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستە ڕوو، لەکۆتا سەردانی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان جگە لە کۆبونەوەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش کۆبوەتەوە و "ئەگەر ئەوان ئەو زانیارییەیان هەبوایە بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە سەردانانەیان نەدەکرد".

باسی لەوەش کرد، لەو ماوە و تەمەنیدا کە لە ئێران بووە، دەزگای هەواڵگریی ئێران یەکێک لەدەزگا چالاکەکان بووە و هەمیشە زانیاریی وردیان هەبووە لەسەر ڕووداوەکان "منیش بەو پێیە ماوەیێک نوێنەری مام جەلال بووم زۆر پەیامی لەوە گرنگتریان بە ئێمە گەیاندووە، بۆیە ئێستا سەیرە چەند کەسێک بەناوی کارمەند و کەسانی ئەمریکی کە دوور کەوتوونەتەوە لە حکوومەت، بێن لەسایتێکدا دەنگ و باسی ئاوا بڵاو بکەنەوە، بۆیە پێویستە ئەو سەرچاوانە کۆر کەینەوە کە سەرچاوەی درۆ و ناڕاستین لەسەر ناو و ناوبانگی هەموو بەشداربوویێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان".

News Code 1961

Your Comment

You are replying to: .
captcha