ئه‌مه‌ریكا بۆ سەرۆکی هەرێم: ئێوە دۆستی زۆرتان لە واشەنتن هەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ریكى لە دیدار لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا جەختیان كرده‌وه‌: كه‌ هه‌ر له‌ بایدنه‌وه‌ تا به‌رپرسانى باڵاى دیكه‌ى ئه‌مه‌ریكا، دۆستى زۆرتان له‌ واشنتۆن هه‌یه‌ و ئیداره‌ى تازه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ پشتگیرى و یارمه‌تیدانى ئێوه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ هاوبه‌شى و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و گرنگى به‌ پته‌وكردنى هاریكاریى درێژخایه‌نى نێوانیان ده‌دات.

کوردپرێس:

پاشنیوه‌ڕۆى ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 2021/5/5 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ریكى كرد كه‌ له‌ برێت مەکگورک ڕێکخه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئافریکا له‌ کۆشکی سپی، دێریك شۆلێى، گەورە ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تى دەرەوەی ئەمەریكا، جۆوی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک به‌ وه‌كاله‌ت، ده‌ینا سترۆل جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند ڕاوێژكاری دیكه‌ى ئیدارەی ئەمەریكا و به‌رپرسان له‌ باڵیۆزخانه‌یان له‌ به‌غدا و كونسولخانه‌یان له‌ هه‌ولێر پێكهاتبوو.

شانده‌كه‌ ستایش و پێزانینى ئه‌مه‌ریكاى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر دووپات كرده‌وه‌ و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كى جددییه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و هه‌ڵمه‌تى له‌ناوبردنى ده‌بێ به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها كارى هاوبه‌ش و هاریكاریى هه‌مووان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌دا پێویسته‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى، سوپاسى پشتگیرى و یارمه‌تیى ئه‌مه‌ریكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و سه‌ردانى شانده‌كه‌ى به‌ ناردنى په‌یامێكى ڕوونى ئه‌مه‌ریكا به‌ ماناى به‌رده‌وامیى پشتگیرى و هاوكارییان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و موكوڕییان له‌سه‌ر كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یى بۆ نه‌هێشتنى یه‌كجاره‌كیى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و جێگیركردنى سه‌قامگیرى له‌ قه‌ڵه‌م دا.

گفتوگۆى ستراتیژیى عێراق ـ ئه‌مه‌ریكا و گرنگیى به‌شداریى هه‌رێمى كوردستان تیایدا، یادى 30 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى نه‌واى ئارام و ڕۆڵى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ پاراستنى گه‌لى كوردستاندا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ماهه‌نگییان بۆ به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و كۆمه‌ڵێك بابه‌تى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

News Code 1909

Your Comment

You are replying to: .
captcha