«فادی مەرعی» سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریا لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و حزبەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردی سووریا ڕایگەیاند: ئێمە تەنها گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێک و ئەمە ڕێککەوتن نییە. لە قۆناخی یەکەمدا لەسەر لێکگەیشتنێکی سیاسی و لە قۆناخی دووهەمدا پێکهێنانی مەرجەعێکی باڵا بڕیاری لەبارەوە درا.
ناوبراو درێژەی دا: ئێمە هێشتا گفتوگۆکانمان لەبارەی پرسە سەربازی، ئەمنی، ئابووری و بەڕێوەبەرایەتییە-کانەوە دەست پێنەکردووە. بنەمای سەرەکی بۆ ئێمە ڕێککەوتنێکی گشتگیرە لەسەر هەموو پرسەکان ئەوەش لەسەر ڕێککەوتنی 2014ی دهۆک.
سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریا وتیشی: ئەوەی کە گرینگە بوونی نوێنەری ئەمریکا لە دانوستانەکاندایە وەکوو گەرەنتی.
فادی مەرعی ئاماژەی دا بە ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر هەندێک بابەت و زیاتر وتی: تا ئەو کاتە ژمارەیێک پرس وەکوو خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی، نەمانی پێوەندیی نێوان پەکەکە و پەیەدە، ئازادی زیندانییە سیاسییەکان و بەڕێوەبەردنی هاوبەش چارەسەر نەکرێت بڕوا ناکەەم بگەینە ئەنجام.
سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریا وەبیریشی هێنایەوە: "ئێمەوەکوو ئەنجومەنی نیشتمانی لە دانوستانەکاندا جیددین و هیوادارین لایەنی دیکەش جیددی بێت تا دەگەینە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆک مەسعوود بارزانی پشتگیری لە دانوستانەکان دەکات".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment