نەخشەڕێگای کوردی سووریا بۆ مانەوەی خۆی

بەشی جیهان- پەیمانگای سیاسەتی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کوردی سووریا ئاگاداری ئەوەن کە چ ئەمریکاش و چ ڕووسیاش دوو جار خەیانەتیان لێکردووە بەڵام بۆ هێشتنەوەی لەمپەرێک لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا وەڵامی ئیجابییان بۆ پێشنیازی هەردوو وڵاتەکە داوەتەوە کە لەبارەی ڕێککەوتنی کوردەوە ئاراستەیان کردبوو.

کوردپرێس:

کوردی سووریا بۆ چەندین جار و ئەم جارەیان بە نێوەندگیریی ئەمریکا سەرقاڵی بەئەنجام گەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان دوو لایەنی سەرەکیی کوردییە لە سووریا. ڕووسیاش لەم دوایییەدا دوو لایەنە کوردییەکەی بانگهێشتی مۆسکۆ کرد و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد.

پەیمانگای سەنتەری سیاسەتی جیهانی لەوبارەیەوە نووسیویەتی: کوردی سووریا لەبارەی ئایندەی خۆیەوە دڵنیا نیە و پێویستی بە هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی ساحەی سەربازی و سیاسیی سووریا هەیە. هەر بۆیەش هەوڵ دەدات دڵی هەردوو زلهێزەکە واتا ئەمریکا و ڕووسیا بهێنێتە جێ.

ئەو پەیمانگایە ئاماژەی بە گڵۆپی سەوزی ڕووسیا کرد کە کاتی خۆی لە 2018 بۆ تورکیای هەڵکرد و تورکیا هێرشی کردە سەر کوردەکانی عەفرین. دیسانەوە لە 2019دا لە بەرانبەر هێرشی دوبارەی تورکیا بۆ سەر کوردەکان هەڵوێستی وەرنەگرت و ئەمریکاش خەمسارد بوو و تەنانەت گڵۆپی سەوزیشی هەڵکرد بۆ هێرش کردنی تورکیا بۆ سەر دوو ناوچەی گرێ سپی و سەرێکانی کە لە ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا بوو. بۆیە هەر دوو دەسەڵاتە زلهێزەکە تا ئێستا دوو جار کوردیان فرۆشتووە.

پەیمانگای سیاسەتی جیهانی لە درێژەی بابەتەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات کە کوردەکان خۆیان دەزانن کە پشت بەستن بە ڕووسیا و ئەمریکا بژاردەیێکی دڵنیاکەرەوە نیە بۆ درێژەپێدانی حەیاتی سیاسیی ئەوان بەڵام لە ئێستادا بژاردەیێکی دیکەیان لەبەردەستدا نیە. هەر بۆیەش هەوڵ دەدەن بەو کارتانەی بەدەستیانەوەیە یاری بکەن. بەو پێیەش هەر کاتێک ئەمریکا باسی مانەوەی لە سووریا و پارێزگاری کردن لە کێڵگە نەوتییەکان دەکات کورد لە ڕووسیا دوور دەکەوێتەوە و هەر کاتێک ئەمریکا باسی کشانەوە لە سووریا دەکات خۆیان لە مۆسکۆ نزیک دەکەنەوە.

ئەو پەیمانگایە باسی مەسەلەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاشی کردووە و بە ڕای ئەو پەیمانگایە کورد وای بۆ دەچێت کە جۆبایدەن براوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دەبێت و کوردیش دیسان پێوەندییە گەرمەکەی سەردەمی ئۆباما لەگەڵ ئەمریکا دەست پێدەکاتەوە و ئەگەر ئەم سناریۆیە ڕوو بدات پێویست بەوە ناکات کە کورد زۆر لە ڕووسیا نزیک ببێتەوە.

پەیمانگاکە لەبارەی پێوەندیی کوردی سووریا و دەوڵەتی ناوەندی لەو قەناعەتەدایە کە کوردکەکان و دیمەشق ئەگەرچی کۆمەڵێک تەعامول و پێوەندییان لەگەڵ یەکتر هەیە بەڵام تا ئەم کاتەش هێشتا زووە کە باسی ڕێککەوتنی ئەو دوو لایەنە بکەین چوونکە کەشێکی بێ متمانەییی قورس لە نێوان کوردەکانی سووریا و دەوڵەتی ناوەندی حاکمە.

ئەو پەیمانگایە لەو بڕوایەدایە کە ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو کوردی ناچار کردووە کە بە وریاییەوە بجووڵێتەوە و متمانە بە کەس نەکات هەر بۆیەش کوردەکانی سووریاش خزاونەتە یاریی هەرێمی و هەوڵ دەدەن ڕووسیا و ئەمریکا ڕووبەڕووی یەکتر بکەنەوە. کورد هەوڵ دەدات زیاترین پشتگیریی ئەو دوو وڵاتە وەربگرێت و بگاتە ئامانجەکانی خۆی. هەروەها کوردەکان دیمەشقیڤ لەبیر ناکەن و ڕێگەیان بە هێزە سوورییەکان داوە بەرەو سنوورەکانی سووریا و تورکیا جووڵە بکەن و بەو شێوەیەش دوو ئامانجی سەرەکی پەیڕەو دەکەن: یەکەم ئەوەی متمانەی دیمەشق وەربگرن و دووهەم ئەوە ڕێگری بکرێت لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا.

لە ڕوانگەی پەیمانگاکەوە پارێزگاری کردنی کوردەکان لە خۆیان لەبەرانبەر هێرشەکانی تورکیا داڵغەی سەرەکی و یەکەمایەتیی کوردە و کورد لە ئێستادا زۆر گرینگی بەوە نادات کە کێ دەتوانێت گەرەنتیی ئیدارە خۆسەرەکەیان بکات هەر بۆیە تا ئەم کاتەش ڕێککەوتنی خۆیان لەگەڵ دیمەشقیش وەلا نەناوە.

News Code 190123

Your Comment

You are replying to: .
captcha