کوردپرێس: ئەمڕۆ یەکشەممە 20/9/2020، جیمس جیڤری، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێکی گرنگ لەگەڵ لایەنە سیاسییە دانوستانکارە کوردییەکان، گەییشتە کوردستانی سووریا.
نەشئەت زازا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتیدیموکراتی کوردستان -سووریا ڕاگەیاندووە کە ئەمڕۆ جێڤری لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی، کە گەورەترینیان (پارتی یەکێتیی دیموکرات - پەیەدە)یە، دیدارێک ساز دەکات و ئەو دیدارە لە بارەی ئەو دانوستانانەوە دەبێ کە ئێستا لە نێوان هەردوولادا بەڕێوەدەچن.
نەشئەت زازا، ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە تا ئێستا نازانرێ دیداری جێڤری لەگەڵ هەردوولادا ڕاستەوخۆ یان لە ڕێی شاشە و تەلەڤزیۆنەوە دەبێ، بەڵام پرسی گفتوگۆکان لە چوارچێوەی بابەتی ڕاگەیاندنی مەرجەعیەتی سیاسیی کورد و دانوستانەکانی نێوان هەردوولادا دەبێ، کە ئێستا بەڕێوەدەچن.
لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا، زازا ڕوونی کردەوە، بەرنامەی سەردانی جێڤری بۆ سووریا، بە پلە یەک لە بارەی دانوستانەکانی (کورد – سووریا) و بابەتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەبێ، کە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریادا ناکۆکن، بۆیە لە ماوەی سەردانەکەیدا، ناوبراو دیداری لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنە سیاسییە عەرەبییەکانیش دەبێ.
لە بارەی وادەی ڕاگەیاندنی مەرجەعیەتی سیاسیی کورد، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، کە وادەکە دیاری نەکراوە، تا ئەم ساتەش نازانرێ جێڤری ئامادەی ڕاگەیاندنی مەرجەعیەتییەکە دەبێ یان نا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment