تورکیا جیددیترین هەڕەشەیە بۆ سەر کوردانی هەموو ناوچەکە

بەشی سووریا- سەرۆکی تەڤگەری کوردایەتی لە سووریا دەڵێت: کێشەی ئەنقەرە تەنها لەگەڵ پەکەکە نییە. تورکیا لە ساڵی 1958یشدا دژی دامەزراندنی ڕادیۆی کوردیی قاهیرە وەستایەوە و داوای لە جەمال عەبدولناسر کردبوو ئەو ڕادیۆیە هەڵپێچێت.

«حەسەن شێخۆ» سەرۆکی تەڤگەری کوردایەتی لە سووریا (T.K.S) کە یەکێک لە ڕەوتە ڕەخنەگرانی حزبە دەسەڵاتدارەکانە و یەکێک لەو حزبە کوردیانەی سووریایە کە لە هەولێر جێگیرن لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە وتەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا پاش کۆبوونەوە لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی کورد لە ناوچەکە و ڕایگەیاند: تورکیا لە وتەکانیدا ڕاستگۆ نییە و ئەگەر سەیری مێژووی ئەو حکوومەتە بکەین لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا ئێستا، بینای دوژمنایەتی لە سیاسەتەکانیاندا دەبینرێت. کێشەی تورکیا تەنها پەکەکە نییە بەڵکوو لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەردەوام شەڕی بە کورد فروشتووە. تورکیا ئامانجێکی هەیە ئەوەش داگیرکارییە.

ناوبراو درێژەی دا: بە یارمەتیتان ئاماژە بە نموونەیێکی مێژووی دەکەم. ساڵی 1958 لە "قاهیرە" وڵاتی میسر ڕادیۆیێکی کوردیی بۆ بڵاو کردنەوەی پڕۆگرامەکانی دامەزراند. باڵیۆزی ئەو کاتەی تورکیا لە سووریا سەردانی "جەمال عەبدولناسر" سەرۆکی میسر دەکات و سکاڵا لەو بابەتە دەکات. عەبدولناسر لە وەڵامی باڵیۆزەکەی تورکیادا دەڵێت: مەگەر ئێوە ناڵێن تورکیا هیچ کوردێکی لێنییە، بۆچی تووڕەن لەم بابەتە؟!

ناوبراو ئاماژەی دایە نموونەیێکی دیکەی مێژووی و وەبیری هێنایەوە: لە 50کاندا دژ بە حکوومەتی ناوەندیی سووریا خەڵکی ئەو وڵاتە هەدڵدەستن و کوردێک بەناوی "موحسێن بەرازی" وەکوو سەرۆک وەزیران هەڵدەبژێردرێت، پاش ماوەیێک لەدژی کوودەتایێک هەڵدەگیسرێت و حکوومەتێکی نوێ دێتە سەر کار. لەو کاتەدا تورکیا مەرجێک بۆ پێوەندی کردن لەگەڵ حکوومەتە نوێکەدا دیاری دەکات ئەوەش لەسێدارەدانی هەموو ئەو بەرپرسە کوردانەیە کە لە حکوومەتە پێشووەکەدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە. ئەمانەش دەریدەخات کە تورکیا تەنها کێشەی لەگەڵ پەکەکە نییە و بابەتەکە بابەتێکی بنەڕەتییە.

حەسەن شێخۆ ڕاشیگەیاند: ئەگەر سەیری شۆڕشی شێخ سەعید، شێخ ڕەزا، ئێحسان نووری پاشاو کەسانی دیکە بکەین دەبینین سیاسەتدانەریی حکوومەتی تورکیا لەسەر بنەمای توندئاژۆی و خۆدوور گرتن لەچارەسەریی پرسی کورد دامەزراوە، بۆیەش پرسی پەکەکە تەنها بیانوویێکە بۆ داگیرکاریی زیاتر.

سەرۆکی تەڤگەری کوردایەتی لە سووریا (T.K.S) بە وتنی ئەوەی کە تورکیا وڵاتێکە کە سیاسەتی دژایەتی کردنی هەموو کوردێکی لە ناوچەکەدا گرتۆتە پێش، زیادی کرد: تورکیا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر کورد. تەنها چاوێک بە دۆخی تورکیا و سووریا و عێراقدا بخشێنن دەزانن تورکیا لەدژی کورد شەڕی هەڵگیرساندووە بۆیەش حکوومەتەکانی ناوچەکە دەبێت هەندێک هۆشیارتر بن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 190031

Your Comment

You are replying to: .
captcha