هاوپەیمانان لە 2014وە بڕی شەش ملیار دۆلار هاوکاریی پێشمەرگەیان کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی هاوپەیمانان رایدەگەیەنێت لە 2014وە بڕی 6 ملیار دۆلارمان پێداون و بەردەوامیش دەبین لە هاوکارییەکانمان و لەشەڕی پاشماوەکانی داعشیشیدا هاوکاریان دەکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مایەڵز کاکگینز وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، رایگەیاند: شەش ساڵ پێش ئێستا، واتە لەساڵی 2014وە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بۆ لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش دامەزرا، هەر لەسەرەتای دامەرزاندنی هاوپەیمانێتییەکەو بانگهێشت کردنمان لەلایەن حکوومەتی ئەوکاتەی عێراقەوە بۆ بەشدار بوون لەشەڕی دژ بەداعش، هەرێمی کوردستان لەشەڕی داعشدا رۆڵێکی گەورە و کاریگەری بینی، لەوکاتەشدا کە هاوپەیمان دامەزرا توانیان 43 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار هاوکاری بکەن بۆ شەڕەکە.

وتیشی: لەماوەی ئەو شەش ساڵەی رابردوودا پێکەوە توانیومانە حەوت ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی و 110 هەزار کیلۆمەتر چوار کۆشە لەژێر دەستی داعش دڕەندە رزگار بکەین، هەر لەو ماوەیەدا هاوپەیمانان 35 هەزار هێرشی ئاسمانی لە عێراق و سووریا دژی داعش ئەنجام داوە، جگە لەوەش لەسەر زەوی هاوپەیمانان پشتیوانی پێشمەرگە و دژەتیرۆرو هێزە عێراقییەکان بووە بەپێدانی راوێژو زانیاری راهێنان.

ئەوەشی وت: شەڕی داعش شەڕێکی سەخت بوو، ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و هێزەکانی تر شەهید بوون، بەهەزارانیش بریندار بوون، ناتوانین ئەوانەش لەیاد بکەین کە بەگیانی خۆیان پارێزگاریان لەهاووڵاتیانی مەدەنی کرد، هاوپەیمانانیش بەردەوام دەبن لە هاوکاری کردنی هێزەی پێشمەرگە و لە ساڵی 2014ەشەوە تائێستا بەبڕی 6 ملیار دۆلار هاوکاری پێشمەرگەمان کردووە، دەکرێت ئەو پارەیەشی دراوەتە حکوومەتی هەرێم لەبابەتی چارەسەری پێشمەرگە بریندارەکانیشیدا بەکار بهێنرێت.

وتەبێژی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سووریا راشیگەیاند: هاوپەیمانان رێزو پێزانینی هەیە بۆ ئازایەتی پێشمەرگە لەشەڕی داعش و پاراستنی خەڵک، ژمارەیێکی زۆر وازیان لەکارەکانی خۆیان هێنا و چەکیان هەڵگرت و لەبەرەکانی جەنگ رووبەڕووی داعش بوونەوە.

باسی لەوەش کرد: سەرەڕای قەیرانی دارایی و پەیاتی کۆرۆنا خەڵک دەیەوێت ژیانیان ئاسایی بکەنەوە، بۆیە وەک هاوپەیمانان بەڵێنی هاوکاری بۆ گەلی عێراق و خەڵکی باکووری سووریاش دووپات دەکەینەوە.

لەبەشێکی تری کۆنگرەکەیدا وتەبێژی هاوپەیمان ئاماژەی بەچالاکییەکانیان کرد و وتی: لەسەرەتایی ئەمساڵەوە هاوپەیمانان لە 8 بنکەی سەربازی بچووک لە عێراق کشاونەتەوە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان سەلماندویانە لە شەڕی پاشماوەکانی داعش سەرکەوتوون، بۆیە ئێستا کاری راوێژی خۆمان لەسەنتەرەکانی بەغدا و هەولێرە و ئەنجام دەدەین.

دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دامەزراندنی سەنتەرێکی راوێژکارین تا لەگەڵ ئەوەی بەغدا کار بکات کە 15 وڵاتی هاوپەیمانان تێیدا بەشدارن، بەڵام سەربازەکانمان پێویست ناکات لەسەر زەوی بەشداری شەڕ بکە، چوونکە زیاتر لە 360 هەزار پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەسەر زەوی بەشداری شەڕی پاشماوەکانی داعشن و وەک هاوپەیمانان بەپێدانی زانیاری هاوکارییان دەکەین.

لەبارەی راهێنانیش بەهێزی دژە تیرۆر لە هەرێم و عێراق رایگەیاند: هاوپەیمانان بەشدارە لە پرۆگرامی راهێنان پێیان و ئەو هێزانە لەماوەی رابردوودا توانیویانە سەرکردایەتی شەڕی داعش بکەن، هەروەها لە باکووری سووریاش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە عێراقییەکانیش بۆ لەناوبردنی داعش کار دەکەین.

ئەوەشیخستەڕوو: بۆ هەماهەنگی نێوان پیشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی لەناوچە جێناکۆکەکان هەیە گفتوگۆ کراوەو وەک هاوپەیمانان پشتیوانیان دەبین، هەروەها لەنێوان وەزیری پێشمەرگە و وەزیری بەرگریی عێراقیش لە تەلەعفەرەوە بۆ دیالە سەنتەری هەماهەنگی پێکهێنراوە.

راشیگەیاند: هاوپەیمانان و ئەمریکا لەشەڕی داعش ناکشێنەو‌ە، بەڵکوو شێوازی کارەکانیان دەگۆڕن بۆ پشتیوانی کردن لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، چوونکە ئەو توانایەی هێزی هاوپەیمانان هەیانە هێزە ئەمنییەکانی عێراق پێی نەگەیشتوون، بەڵام کاتێک پێشمەرگە یان هێزە عێراقییەکان پێمان دەڵێن داعش لەحەمرین هەیە ئێمە بۆردوومانیان دەکەین.

هەر لە کۆنگرەکەدا لەبارەی هەڕەشەکانی داعشەوە، وتی: راستە ئێستا داعش ناتوانێت خاک و ناوچە داگیر بکات، بەڵام هێشتا داعش هەڕەشەیە بۆ توندڕەوی و توندوتیژی، بەداخەوە ئێستاش پاشماوەکانی دعش لە سنووری خانەقین و قەرەچوخ و سنووری مووسڵ و دەروبەری بەغدا هەیە و خەڵک شەهید دەکەن، بەڵام توانایان لاواز بووە.

تەئکیدی لەسەر ئەوەش کردوە: مانگی رابردوو رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەمریکا بۆ رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا زیاتر لە 627 هەزار دۆلاریان داوەتە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە وەرگیراون کە لەچەندین پێداویستی پزیشکی پێکهاتوون کە زیاتر لە 7 هەزار کیتی تێستی کۆرۆنای تێدا بووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189993

Your Comment

You are replying to: .
captcha