‌سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمی کوردستان لەبارەی دیداری نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن بەیاننامەیێک بڵاو دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت:" سه‌رۆکى فه‌ره‌نسا دووپاتى کردووه‌ته‌وه‌ له‌ پشتگیری کردنى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس: سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێکى بڵاو کرده‌وه‌ که‌ ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆک کۆمارى فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندووه‌ که‌ له‌ پشتگیرى له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و سه‌رۆک کۆمارى فه‌ره‌نسادا هه‌ردوولا هاوڕابوون که‌ سه‌قامگیریى عێراق به‌ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى ده‌بێت و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ هاوکاریى فه‌ره‌نسا و دۆستانى له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق به‌ پێویست داده‌نرێت.

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان:

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى خۆى و هه‌رێمى کوردستانى بۆ سه‌رۆک ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆکى فه‌ڕه‌نسا دووپات کرده‌وه‌ و ستایشى ڕۆڵى فه‌ڕه‌نساى له‌ پشتگیریى به‌رده‌وامى له‌ هه‌رێمى کوردستان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى گه‌لى کوردستان و هاوکاریى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانیان کرد، سه‌رۆک ماکرۆنیش دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ردانى داهاتوویدا بۆ عێراق، خۆشحاڵ ده‌بێت بێته‌ هه‌ولێر و له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان بکات.

پاشنیوه‌ڕۆى ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 2/9/2020 له‌ به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆکى فه‌ڕه‌نسا کۆبووه‌وه‌. له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دۆخى سیاسیى عێراق و هه‌رێمى کوردستان، کێشه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و فه‌ڕه‌نسا و دوایین پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌یان به‌گشتى تاوتوێ کرد.

سه‌رۆک ماکرۆن ڕۆڵى هه‌رێمى کوردستانى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تێکشاندنى داعش به‌رز نرخاند و وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى به‌ گفتوگۆى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پشتگیریى فه‌ڕه‌نساى بۆ هه‌رێمى کوردستان و هه‌وڵه‌کانى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانیان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا دووپات کرده‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون که‌ سه‌قامگیریى عێراق به‌ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى ده‌بێت و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هاوکاریى فه‌ڕه‌نسا و دۆستانى له‌ کۆمه‌ڵکه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق به‌ پێویست زانرا.

پاراستنى سه‌روه‌ریى عێراق و به‌رده‌وامیى مه‌ترسییه‌کانى تیرۆر و جموجووڵه‌کانى داعش، هه‌وڵدان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى گژرییه‌کان و پاراستنى سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌که‌ و چه‌ند پرسێکى جێى بایه‌خى هه‌ردوولاش له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا خرانه‌ به‌ر باس که‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا و باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا له‌ به‌غدا و ئه‌ندامانى شاندى هه‌ردوولا ئاماده‌ى بوون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189943

Your Comment

You are replying to: .
captcha