ئامانجی سەردانەکەی شاندی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بۆ مۆسکۆ ئاشکرا دەکرێت

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی برایەتیی کوردستانی سووریا (P.B.K) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ئامانجی شاندەکەی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بۆ مۆسکۆ دەکات و دەڵێت شاندەکە سێ ئامانجیان لە سەردانەکەدا پەیڕەو کردووە.

کوردپرێس:

عەدنان کیلۆ سەرۆکی پارتی برایەتیی کوردستانی سووریا (P.B.K) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس ئاماژەی بە سەردانەکەی شاندی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بۆ مۆسکۆ کرد کە بە سەرۆکایەتیی ئیلهام ئەحمەد ئەنجام درا.

سەرۆکی پارتی برایەتی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی شاندی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بۆ مۆسکۆ بە کوردپرێسی وت: شاندەکە بۆ سێ ئامانج چوە مۆسکۆ. یەکەمیان نزیک کردنەوەی لایەنە جیاجیاکانی سووریا بوو کە هەر لەو چوارچێوەیەشدا ڕێککەوتنێکی هاوکاری لەگەڵ حیزبی ئیرادەی نیشتمانی واژۆ کرا کە پارتێکی چەپی سووریایە. ئامانجی دووهەم دیدارکردن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندێکی ئەو وەزارەتخانەیە بوو و تەوەری سێهەمیش دیدار کردن لەگەڵ جێمز جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری سووریا بوو کە ماوەیێک پێش ئێستا سەردانی تورکیای کردبوو.

ناوبراو گوتیشی: قەدری جەمیل سکرتێری گشتیی پارتی ئیرادەی گەل، لە بنەماڵەیێکی کوردە و شاندەکەی هەردوو لا لە سەر 5 خاڵ گەیشتنە ڕێککەوتن. خاڵی یەکەمی ڕێککەوتنەکە جەخت لە سەر سووریای یەکپارچە دەکاتەوە. سووریا لە ماەی دە ساڵی ڕابردوودا بۆتە زەوییێکی سووتا و بۆتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان دەسەڵاتە هەرێمی و جیهانییەکان و هەموو بابەتەکان تەنها بە بژاردەی سەربازی کاریان بۆ کراوە و هیچ تەرکیزێک نەکراوەتە سەر چارەسەری سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا.

کیلۆ زیادیشی کرد: ئەو خاڵەی ڕێککەوتنەکە ئاماژە بە سووری بوونی هەموو ئەتنیک و لایەنەکانی سووریا دەکات و تەرکیزیش دەکاتە سەر دەستوور و سیستەمی سیاسیی لامەرکەزییەت و ئیدارەدانی کاروباری سووریا لەلایەن هاووڵاتییانەوە. هەروەهاش دەڵێت کاروباری سیاسی و سەربازی و ئابووری بە شێوەی مەرکەزییەت ئیدارە بکرێت وەک ئەو ئەزموونەی ئیدارەی خۆسەری باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا تێیپەڕاندووە.

سەرۆکی پارتی برایەتیی کوردستانی سووریا ئاماژەی بە خاڵیکی دیکەی ڕێککەوتنەکە کرد و گوتی: تەوەری دووهەم لە سەر بڕیارنامەی ژمارە 2254ی نەتەوەیەکگرتووەکانە کە لەبارەی نووسینەوەی دەستووری سووریا و دانووستانەکانی ژنێڤ و بەشداری کردنی ئوپۆزسیۆنی سووریا و هەروەها بەشداریی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات دەرکراوە.

ناوبراو زیادیشی کرد: خاڵی سێهەمی ڕێککەوتنە 5 خاڵییەکە تەرکیز دەکات سەر کشانەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکان و ئازادکردنی ناوچەکانی سووریا لە گرووپی دەرەکی کە بە پشتگیریی وڵاتانی هەرێمیی وەک تورکیا ناوچەکەیان داگیر کردووە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: خاڵی چوارەمی ڕێککەوتنەکە ئاماژەی بە ئیدارەی خۆسەری کوردی لە سووریا کردووە کە ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە ئیدارەدانی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا تێپەڕاندووە و پێویستە ئەو ئەزموونە بۆ هەموو ناوچەکانی سووریا کەڵکی لێوەربگیرێت.

هەر بە وتەی سەرۆکی پارتی برایەتیی کوردستانی سووریا خاڵی پێنجەمی ڕێککەوتنەکە ئاماژە بە سوپای سووریا دەکات و جەختی کردۆتەوە کە سوپای سووریا لە سەریەتی هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بێت و عیلاقەی بە کاروباری سیاسییەوە نەبێت و پێویستە چارەسەرێکیش بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD) و تێکەڵ کردنیان بە سوپای سووریا بدۆزرێتەوە.

عەدنان کیلۆ ئاماژەی بە دیدارەکەی شاندی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لەگەڵ سێرگیی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندێکی ئەو وەزارەتخانەیەش کرد و گوتی: لەو دیدارەدا لەبارەی بەشداری کردنی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە دانوستانەکانی دیاری کردنی ئایندەی سووریا وەک دانیشتنی ژنێڤ و ئەستانە و دانیشتنی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا باس و ڕاگۆڕینەوە کرا. هەروەهاش مەسەلەی بڕانی ئاوی حەسەکە کە تورکیا بڕیوەتی و داخرانی بەشێکی جادەی نێودەوڵەتیی (M4) کە دیسان تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە دایانخستووە و ڕێگای هاووڵاتییانیان بەرەو منبەج کۆبانێ داخستووە باس و گفتوگۆیان لە سەر کرا.

ناوبراو زیادیشی کرد: وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەڵێنی داوە چارەسەرێکی بۆ هەموو کێشەکان بدۆزرێتەوە.

سەرۆکی پارتی برایەتیی کوردستانی سووریا لەبارەی ئامانجی سێهەمی شاندە کوردییەکە لە مۆسکۆ بە کوردپرێسی وت: ئامانجی سێهەم دیدارکردن لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا جێمز جێفری بوو.

پێکدادانی نێوان سەربازانی ئەمریکی و ڕووسی تەنها یارییە و بەس

عەدنان کیلۆ لە وەڵام ئەم پرسیارەشدا کە لەم دواییەدا ئوتومبێلە زرێپۆشەکانی ئەمریکا و ڕووسیا پێکیاندا دا ئایا ئەگەر هەیە کە ئەم پێکدادانە ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا؟ بە کوردپرێسی وت: هاووڵاتییانی ئێمە دەزانن کە لە هەمان کاتدا کە ڕاجیاوازی و ململانێ لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا هەیە بەڵام هەموو ئەم شتانە تەنها یاریی سیاسییە لە باکووری سووریا دەکرێت.

سەرۆکی پارتی برایەتی هەر لەو بارەیەوە زیادی کرد: ئێمە هیوادارین ئەمریکاش و ڕووسیاش بە شێوەیێکی جیدی و ڕاستەقینە بڕواننە ڕێککەوتنەکانی نێوان ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و هێزەکانی سووریای دیموکرات.

News Code 189924

Your Comment

You are replying to: .
captcha