کوردپرێس: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/٨/٣١ کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ئامادەبوونی زەکیە سەید بریکاری وەزارەتەکە و ئەحمەد نەجمەدین بەڕێوبەری گشتی چاکسازی و کۆمەڵایەتی، پێشوازیی کرد، لە شاندێکی کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر.
ئاماژە بەوەش دراوە، لەدیدارەکەدا نهسروڵڵا زارع رەشنوودی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر مەبەستی سەردانەکەیانی خستەڕوو کە بریتیی بوون لە پرسی کرێکارانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کە لەدوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران لە بارودۆخی کۆڕۆنادا، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە هەرێم، سەرەڕای جێبەجێ کردنی گشت ڕێنماییەکان.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە هاتووە، سەبارەت بەو بابەتەش کوێستان محەمەد ئاماژەی بەوەداوە کە پەیوەندی دەبێت لەگەڵ لێژنەی باڵای ڕوبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا بۆ کارئاسانی کردنی ئەم کرێکارانە بە مەرجی پابەند بوون بە ڕێنماییەکان.
هەر لە دیدارەکەدا، باس لە گیراوانی ئێرانی کرا لە هەرێمی کوردستان و کونسوڵی ئێران لە هەولێر داوای کارئاسانیی کرد بۆ چاوپێکەوتنی لەگەڵ گیراوەکان و باسی لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی گیراوەکان کرد لەسەر بنەمای یاسا، کە ئەم پڕۆسەیە بۆ ماوەی ساڵێکە ڕاوەستاوە و ئەم ئاڵوگۆڕە، بە تایبەتیش بۆ گیراوانی ئافرەت و بەتەمەناکان زوتر ئەنجام بدرێت.
ئەوەش هاتووە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، داوای کرد کە وردەکاری و زانیاری زیاتر پێشکەش بکەن بۆ پێشکەش کردنی هاوکاری لە لایەنی وەزارەتەوە، سەبارەت بە گەڕانەوەی کرێکاران دوای بەدواداچوون و لاری نەبوونی لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆڕۆنا و پابەند بوون بە ڕێنماییەکان.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم ئەوەشی تێدا خراوەتەڕوو بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ڕێکەوتی ٢٧/٢وە، چاوپێکەوتن لەگەڵ گیراوانی چاکسازیەکان قەدەغەکراوە، لەپێناو تەندروستی گشتی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام پاش باشتربوونی دۆخەکە، بە بڕیاری لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆڕۆنا چاوپێکەوتنەکان ئاسایی دەبنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment