کوردپرێس:
دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان داواكاریی 24 پەرلەمانتاری بۆ پرساندنی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی رەت كردەوە، سەرچنار ئەحمەد بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیای فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە، "ئێمە وەك بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان سورین لەسەر چاودێریكردنی حكومەت و پرسی لێبڕینی مووچە ڕێگەپێنەدراوە، بۆیە جارێكی دیكە بەپێی مەرجەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان واژۆ بۆ پرساندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كۆدەكەینەوە".
پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو دەشڵێت، "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت پرساندنەكە بەجیا بێت و ئێمە پێشتر بەیەك یاداشت ئەو داواكارییەمان پێشكەش كردبوو، بۆیە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان جارێكی دیكە پرساندنەكە جیا دەكەینەوە و واژۆی بۆ كۆدەكەینەوە".
بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتوو دوپاتیكردووەتەوە "ئەو هەنگاوانەی بۆ چاودێریكردنی حكومەت پێویستە تێپەڕیوە، پێشتر بە پرسیار ئاڕاستەمان كردووە لەسەر چ یاسایەك مووچە لێی بڕاوە، بەداخەوە وەڵاممان نەدراوەتەوە، دواتر داوامان كردووە دانیشتنی تایبەت بۆ لێبڕینی مووچە بكرێت، ئەوەشیان نەكرد، ئێستا كاتی ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بێتە پەرلەمان.
Your Comment