بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مایکل داونتری، شرۆڤەکاری پرسەکانی تورکیا و کوردەکان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا دەڵێت دۆخی کوردەکان لە تورکیا دڵخۆشکەر نییە چوونکە بەوتەی ناوبراو، دەوڵەتی ئێستای تورکیا بە سەرکردایەتیی پارتی داد و گەشەپێدان و کەسێکی وەکوو ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لە سیاسەتی پێشتر کە لەسەر بنەمای ئاشتی لەگەڵ کورد بوو بە تەواوێتی دوور کەوتووەتەوە. ناوبراو دەڵێت ئاشتی دووبارە لەگەڵ کورد تەنها ڕێگایێکی هەیە ئەوەش دوور کەوتنەوەی ئاکپارتی لە دەسەڵاتە.
سەرکوتی کورد و دەستگیر کردنی نوێنەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان
داونتری لەبارەی ڕەوشت گۆڕینی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا تەوکید کردن لەسەر سەرکوتی کوردەکان بە ئاژانسی کوردپرێسی دەڵێت: پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە لەمێژەوە، ڕێدۆزی ئاشتیخوازانەی خۆی هەمبەر حەشیمەتی کورد لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی وەلاناوە. ئێمە ئێستا دەوڵەتێکی ناسیۆنالیزمی تورک دەبینین و ئەگەرچی ئەم حیزبە پشتگیریی ژمارەیێک لە کوردەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست هێناوە بەڵام دەسکەوتی سەرەکیی ئەم حزبە مسۆگەر کردنی دەنگی ناسیۆنالیزمەکانی تورکیایە. ئەم پەیامە کە حزبی دەسەڵاتدار «پەکەکە تێکدەشکێنێت»، بەباشی دەنگی ناسیۆنالیستەکانی ڕاکێشاوە.
دوو حزبی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرکردایەتی عەلی باباجان و ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ دەتوانن ئاکپارتی لابدەن
ئەم شرۆڤەکارەی پرسەکانی تورکیا لەبارەی دامەزراندنی دوو حزبی نوێ لە تورکیا و ئەگەری گۆڕینی حکوومەت لەڕێگای ئەوانەوە دەڵێت: ئەگەری ئەمەش هەیە کە دوو حزبی نوێ لە تورکیا بە سەرکردایەتی عەلی باباجان و ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ بتوانن پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان لابدەن. هەروەها پارتی «باش» بە سەرکردایەتی مەراڵ ئاکشنەر بوونی هەیە کە هێزی باشی لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا کۆ کردووەتەوە. ئەڵبەتە لادانی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە بەسراوە بەوەوە کە پارتی دیموکراتیکی گەلان، پارتی کۆماریخوازی گەل، پارتی باش و حزبەکانی سەرەب باباجان و ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ تا چ ئاستێک هاودەنگ دەبن و هاوکاریی یەکتر دەکەن. حربی باش و کۆماریخوازی گەل ئێستا هاوپەیمانێتییان ڕاگەیاندووە و ڕەنگە عەلی باباجان و ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ-یش تەڤڵی ئەم دوو حیزبە ببن و ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، هێزێکی گەورە پێکهێنراوە.
داونتری لەبارەی ئەگەری ئیئتیلافی پارتی دیموکراتیکی گەلان لەگەڵ دیکەی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا دەڵێت: بەم حاڵەشەوە حزبی دەسەڵاتدار بەباشی ئەم بیرۆکەیە کە پەکەکە بەرامبەرە لەگەڵ پارتی دیموکراتیکی گەلان، لە تورکیا جێخستووە. بۆیەش زۆر ئەستەمە کە هەدەپە تەڤڵی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا ببێت. بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەم حیزبە پشتگیریی ناڕاستەوخۆی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بکات وەکوو ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی پێشوو بینیمان.
پڕۆسەی ئاشنی لەنێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا
ناوبراو لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا دەڵێت: ئەگەر دژایەتی کردنی کورد لەتورکیا بیەوێت چارە بکرێت دەبێت جۆرێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان حکوومەتی تورکیا و پەکەکە دەست پێبکات. ئەمەش هەمان شتە کە دوو لایەنەکە لە پڕۆسەی ئاشتیی ساڵی 2015دا دەستیان پێکرد. پڕۆسەی ئاشتی تەنها ڕێگاچارەی هەمیشەیی کێشەی نێوان تورکیا و کوردەکانە. بەڵام وادیارە کە بەبێ گۆڕیانی دەسەڵات لە تورکیا نامومکینە. بەم حاڵەشەوە پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە ئاستەنگی زۆزی لەسەر ڕێگای ئاشتی ناوەتەوە. لە ڕاستیدا ئەم حیزبە پڕۆسەکەی بە پێچەوانە گۆڕاوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment