کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 5ی خەرمانانی 1399 محەمەد مەهدی شەهریاری پارێزگاری ئازەربایجانی خۆرئاوا لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتی نەمسا دیداری کرد و لە دیدارەکەدا تەوەری گەشتیاری و ئابووری و فەرهەنگی باس و ڕاگۆرینەوەیان لە سەر کرا.
لە دیدارەکەدا شەهریاری ڕایگەیاند وڵاتی نەمسا وەک وڵاتێکی بێ لایەن پێگەی خۆی پاراستووە و ڕوانگەی لایەنی ئێرانی بۆ وڵاتی نەمسا بەردەوام ڕوانگەیێکی ئەرێنی بووە و پارێزگای ورمێش ئامادەیە پێوەندییەکانی لە بواری فەرهەنگی و گەشتیاری و ئابووری لەگەڵ وڵاتی نەمسا دەوڵەمەند بکات.
پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا زیادیشی کرد: پارێزگاکە لە باری گەشتیاری و شوێنی مێژوویی و ڕەسەن پارێزگایێکی دەوڵەمەند و ئامادەیە پێشوازی لە سەرمایەدانەران و گەشتیاران و چالاکانی ئابووریی وڵاتی نەمسا بکات.
ناوبراو کۆمەڵێک توانا و دەفرایەتیی پارێزگای ورمێشی لە بواری باخداری و جووتیاری و کانگا و بازرگانی ناساند و دووپاتی کردەوە کە ئامادەی پێشوازی کردنن لە هەموو چالاکانی ئابووری و گەشتیاریی وڵاتی نەمسا و لەو چوارچێوەیەشدا پەیمانی دەستەخوشکی لەگەڵ شاری سالرزبۆرگی ئەو وڵاتە واژۆ دەکەن.
Your Comment