رۆژی سێشەممە 25/8/2020، دەستەی گشتی گومرگەکانی عێراق لە بەیاننامەیێکدا رایگەیاند، داهاتی رۆژی دووشەممە 24/8/2020ی گومرگەکان گەیشتووەتە 4 ملیار و 250 ملیۆن دینار، ئەمە وێرای ئەوەی هەندێک کاڵا گومرگیان لەسەر نییە و کەمی هاوردەکردن بەهۆی رێکارەکانی پەتای کۆرۆناوە.
محەممەد دەراجی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری پێشووتری پیشەسازیی عێراق رایگەیاند، ئەگەر رێکاری تووند لە دەروازەکان بگیرێتەبەر، ئەوا داهاتی ساڵانەی دەروازەکان 10 ملیار دۆلار دەبێت.
زیادبوونی داهاتی دەروازە سنوورییەکان دوای ئەوەدێت، کە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزی سەربازیی رەوانەی چەندە دەروازەیێکی سنووری کرد و لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی دەرهێنا.
پێشتر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، تەنیا 10٪ بۆ 20٪ داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت، ئەگەرنا ئەوەی دیکە دەچێتە گیرفانی گرووپە چەکدارەکان و هەندێک لە پارتەکان.
Your Comment