بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمریكای رایگەیاندووە " لەوانەیە گرفت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق دروست بکرێت و هەروەها لەبارەی پێوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەڵێت چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا گفتوگۆ بکەن، چارەسەر بۆ کێشەکانی نێوانیان بدۆزنەوە".
لە ڕابردودا هەرێم و بەغدا چەندین جار لە ڕێککەوتن نزیک بوونەتەوە، بەڵام دواتر شکستیان هێناوە لەگەیشتن بە ڕێککەوتن، لەمبارەیەوە، بەشیر حەداد، وتی "داوامان کردوە ڕێککەوتنێکی ستراتیژی دوورمەودا ئەنجام بدرێ، تا ئێستا ئەنجام نەدراوە، چوونکە کاتێک حکوومەتێک دێت و یەکێکی تر دەڕوات، حکوومەتە نوێیەکە تێڕوانینی تایبەتی خۆی هەیە، زۆربەی لایەنە عێراقیەکانیش تێڕوانینی نەرێنیان بەرامبەر هەرێم و قەوارە سیاسییەکەی هەیە".
لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕەخنەی لە بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق گرت، بە تایبەت ئەو پەرلەمانتارانەی کە نوێنەری ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقن، بەوەی دژی هەرێمی کوردستان قسەدەکەن، وتی "قسەکانیان بۆ موزایەدە و ڕازی کردنی شەقامی خۆیانە، شکستیان لە ئیدارەدانی پارێزگاکانی خۆیان هێناوە، هەوڵدەدەن بە دژایەتی کردنی هەرێم، شکستەکانیان داپۆشن".
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی دیاریکراو و هەوڵەکان بۆ شکستهێنان بە پرۆسەکە و دواخستنی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد گەر ڕێکارەکان پێش هەڵبژاردن ئەنجام دران، ئەوا هەڵبژاردن دەکرێ، بەپێچەوانەوە گەر ئەنجام نەدران، هەڵبژاردنیش ناکرێ، وتی "سەقامگیری دۆخی عێراق بۆ هەڵبژاردن گرنگە، لەژێر سێبەری ئەم دۆخەی ئێستا، زەحمەتە هەڵبژاردنێکی خاوێن بەڕێوەبچێت، هەروەها هەڵبژاردن پێویستی بە دابین کردنی بودجە و کەش و هەوای ئارام و تەواو کردنی یاساکان هەیە".
لەکۆتایی قسەکانیدا بەشیر حەداد، لەبارەی ئەگەری هەوڵدان بۆ نانەوەی پشێوی لە عێراق و شکستهێنان بە ئەنجام دانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەو پێیەی لایەنە گەورە عێراقیەکان ئامادەنین بۆ هەڵبژاردن، وتی "ئەویش ئەگەرێکە، زانییان هەڵبژاردن لە بەرژەوەندییان نییە، لەوانەیە دروستی بکەن، گەر وادەی هەڵبژاردن نزیک بێتەوە، ئەوکات مەسەلەکان ڕوون دەبنەوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment