مەسروور بارزانی: سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی دەچێتە خانەی تاوان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سوتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاوڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.

کوردپرێس: بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە، بارودۆخی پارێزگاکەیان تاوتوێ کردوە و سەرۆکی حکوومەت رایگەیاندووە، "ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیێکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و مڵک و ماڵی هاووڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر".

ئاماژە بەوەش کراوە، سەرۆکی حکوومەت نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرش کردنە سەر دامودەزگا حکوومیەکان و موڵک و ماڵی گشتی و هاوڵاتییان دەربڕی کە دوێنێ هەندێک کەس لە ژێر ناوی خوپێشاندانەوە لە هەڵەبجە و چەند ناوچەیێکی دیکە ئەنجامیان دا.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرا، کە یەکێکیان پڕۆژەی پردی (توەقوت)ە کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن ئەنجام دەدەرێت، هەروەها (ناوچەی پیشەسازی خۆراک) کە دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامی دەدات، هەردوو پڕۆژەکەش لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییدان و لە ماوەیێکی نزیکدا دوای رێکارە ئیدارییەکان، بەردی بناغەی ھەردوو پڕۆژەکە دادەنرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دۆخی تەندروستی سنووری پارێزگاکە و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189805

Your Comment

You are replying to: .
captcha