عێراق وڵاتێکى گرنگە و کۆدەنگیش هەیە بۆ پشتیوانی کردنی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمەریکا رایدەگەینێت: عێراق وڵاتێکى گرنگە لە ناوچەیێکى قورسدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە هەموو ئاستەکاندا پشتیوانیی دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق مستەفا کازمى لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە؛ لە میانەى سەردانەکەی بۆ واشنتن و دیدار و چاوپێکەوتنەکانى لەگەڵ بەرپرسانى ئەمەریکا مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق چاوى بە نانسى پیلۆسى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکى و چەند ئەندام کۆنگرێسێک کەوت.

بەپێى راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکە نانسی پیلۆسی بە مستەفا کازمى راگەیاندووە عێراق وڵاتێکى گرنگە لە ناوچەکەدا و کۆدەنگییش هەیە لەبارەى پشتیوانیى کردنیەوە.

لەلایەن خۆیەوە مستەفا کازمى رایگەیاندووە "ئەو گفتوگۆ ستراتیژیەى لەچەند رۆژى رابردوودا لە نێوان ئەمەریکا و عێراقدا ئەنجامدرا دەبێتە دەستپێک بۆ قۆناغێکى نوێ لە پەیوەندیەکانى هەردوولا".

بەپێى راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا پەیوەندیەکانى نێوان هەردوو وڵات لە ئاستەکانى ئاسایش و ئابوورى و زانستى گفتوگۆى لەبارەوەکرا.

هەروەها بابەتى ئاوارە و کەمایەتیەکانى عێراق و بەرەو پێشبردنى تواناى هێزە ئەمنیەکانى عێراق بەشێوەیێک کە تواناى گواستنەوەى عێراقى هەبێت بۆ قۆناغى نوێ تاوتوێ کران.

ژبەپێى راگەیەنراوەکە مستەفا کازمى لە دیدارەکەدا جەختی کردوەتەوە عێراق وڵاتێکى خاوەن سەروەریە و لەسەر ئەم بنەمایەش بەلایانەوە گرنگە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرەو پێش بەرن، بەتایبەت لە رووى ئابوورییەوە.

ناوبراو ئاماژەى بەوە کردووە؛ پەیوەندییەکانى عێراق و ئەمەریکا تەنها لە بوارى سەربازى و ئەمنى کورت نابێتەوە بەڵکوو پێویستە ئەو پەیوەندییانە بۆ ئاوەدان کردنەوەى عێراق و دووبارە بونیاد نانەوەى ئابووریەکەى، سوودى لێ ببینرێت.

لەبارەى ئاوارە و پێکهاتەکانى عێراقیشەوە مستەفا کازمى رایگەیاندووە حکوومەتەکەى گرنگیێکى زۆر بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان و کۆتایی هێنان بەو کەیسە دەدات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189793

Your Comment

You are replying to: .
captcha