عێراق رێکارە یاساییەکان دژ بە تورکیا توندتر دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر سەروەری عێراق، رێکاری هاوشێوەمان بەرامبەر تورکیا گرتووەتە بەر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، گوتی: "وەزارەتەکەیان دوو جار باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا بانگهێشت کردووە و دوو یاداشتنامەی ناڕەزایەتی عێراقی بە زمانێکی توند پێداوە لەسەر دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق"، داواشی لە حکوومەتی تورکیا کرد، ئەنجامدەرانی تاوانە دەستدرێژییەکان ئاشکرا بکات و بە سزای خۆیان بگەیەنێت.

ئەحمەد سەحاف هەروەها گوتی: "فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق چەندین پەیوەندی لەگەڵ هاوتا عەرەبەکان و بیانییەکانی ئەنجام داوە و هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی پشتگیری هەڵوێستی عێراق لە بەرگریکردن لە سەروەرییەکەی دەکەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەسەر مامەڵەی هاوشێوەی تورکیا کردووەتەوە، لە رێگەی راگرتنی کارکردن بە رێکەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرەی ساڵی 2009، کە بەگوێرەی ئەو رێکەوتنە لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان ڤیزا بە گەشتیارانی یەکتر بدەن، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی یەکتر، وێڕای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەردانی تەواوی بەرپرسانی تورکیا بۆ عێراق، لە سەرووی هەمووشیانەوە سەردانی خڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها دووپاتی کردەوە، "عێراق پشت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت بۆ پارێزگاری کردن لە مافەکانی" و گوتی: "گوتاری سیاسی و دیپلۆماسی دوو رێگەی سەرەکین کە دەکرێت لە رێگەیانەوە گرژییەکان کەم بکەینەوە و بە دیدێکی هاوبەش بگەین، کە بتوانێت تەواوی کێشەکان بەهاوبەشتی چارەسەر بکات".

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندووە، لەسەر کردە سەربازییەکانی لەناوچە سنوورییەکانی عێراق "مەبەستی هەرێمی کوردستانە" بەردەوام دەبێت، ئەگەر بوونی پەکەکە لەو ناوچانە بەردەوام بێت و ئاشکراشی کردووە، ئەم هەڵوێستەی وڵاتەکەیان بە دەسەڵاتدارانی عێراقی راگەیاندووە.

ئەم گرژییانە دوای ئەوە هاتووە، بەر لە چەند رۆژێک بەهۆی هێرشی فڕۆکەیێکی بێفڕۆکەوانی تورکیا 5 ئەفسەر و سەربازی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر کوژران.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189727

Your Comment

You are replying to: .
captcha