کوردپرێس:
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنووری باشماخ كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە لە لێدوانێكدا بهمیدیای حزبەكەی راگەیاندووە، لە دەروازە سنوورییەكان قاچاخچیەتیی رێکخراو هەیە، كە بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتەی لە پشتەوەیە، وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانیش گیریان بە دەستیانەوە خواردووە و ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن.
لەو لێدوانەیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای (KNN) شاخەوان بەکر وتیشی :"دەروازەکان خەتى گومرگى و خەتى ئاساییی هاتوچۆیان هەیە، ئەوانەى لە خەتى گومرگییەوە دێن هەموو رێکارێکیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەموو بارەکان لە خەتى گومرگەوە نایەن، بەشێکیان لە رێگەى هێزى تایبەتى ئەمنییەوە دەهێنرێن بەبێ ئەوەى هیچ ئیجرائاتێکیان لەگەڵدا بکرێت، واتە نە گومرگ نە پشکنین".
بهوتهی شاخهوان بهكر "هیچ کەس بۆى نیە بچێت سەیرى ئەو شتانە بکات کە بە قاچاخ دەهێنرێن، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى ئێمە ئەوانەى دەهێنرێن کە هێنانیان قەدەغەیە وەکوو هێلکە، یان ئەوانەى گومرگیان زۆرە وەک جگەرە".
ناوبراو وتیشی :"بەداخەوە دەڵێم بەشێکى زۆر لە بەرپرسەکانى پارتى و یەکێتى خۆیان خاوەنداریەتیى ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە قاچاخچییەتى دەکەن، هەموو ئەوەی دەکرێت بە پشتیوانیى هێزى ئەمنی دەکرێت، هێزى چەکدارى حیزبەکانە و ڕەنگە هى حکوومەتیش بێت".
شاخەوان بەکر ئاشکرای کرد؛ لە هەر دەروازەیێکدا 10 بۆ 15 کۆمپانیا هەن و زۆربەیان حیزبین و لە ژێر ناوى جۆراوجۆردا پارە لە خەڵک وەردەگرن و ئەمانە یاسایان بۆ دەرکراوە و گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەت هەیە، مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار دەچێت بۆ ئەم کۆمپانیایانە.
Your Comment