لە هەرێمی کوردستان ئیرادەیێک بۆ ئەنجام دانی چاکسازی نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ی یاسای چاکسازیه‌وه‌ دەڵێت لە هەرێمی کوردستان بە هۆی بوونی هێژمۆنیی حزبە سیاسییەکانەوە ئیرادەیێک بۆ ئەنجام دانی چاکسازی نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی خەندانی وتووە: چاکسازی له‌ هه‌رێمی کوردستان ناکرێت، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن و باسی ده‌که‌ن ره‌نگه‌ هه‌وڵه‌کان هه‌بێت، به‌لام ئیراده‌ی چاکسازی نیه‌ و ناکرێت.

لە درێژەی وتەکانیدا ناوبراو زیادی کرد: له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر چاکسازی بکرێت زیاتر له‌ 60 هه‌زار که‌س بە نایاسایی دامه‌زراون، وه‌زیر نه‌بوون و کراون به‌وه‌زیر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نه‌بوون و کراون به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، به‌یه‌ک ڕۆژ کراوه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و خانه‌نشینیش کراوه‌، خۆشی له‌ده‌رەوه‌ی هه‌رێمی کوردستان بووه‌، هه‌زاران که‌س به‌نایاسایی بۆ ده‌نگدان کراون به‌ موچه‌خۆر، ئه‌گه‌ر چاکسازی بکه‌یت ده‌بێت ئه‌وانه‌ ده‌ربکه‌یت و مووچه‌یان ببڕیت.

محەمەد حاجی مەحموود دەڵێت: کابرا شه‌هید نه‌بووه‌ کراوه‌ به‌شه‌هید و پێشمه‌رگه‌ نه‌بووه‌ کراوه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ و هیچ شتێک نه‌بووه‌ و دژی میلله‌ته‌که‌ی خۆی بووه‌ و کراوته‌ مووچه‌خۆر، ئه‌مه‌ 29 ساڵه‌ تۆ مووچه‌ی پێده‌ده‌یت ناتوانیت ئه‌مه‌ هه‌مووی خه‌تێکی به‌سه‌ردا بهێنیت و ده‌ریبکه‌یت، منداڵی هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ حسابی کردووه‌ و خۆی به‌شه‌هید ئه‌زانێ و له‌کۆبوونه‌وه‌ی حزبی به‌شداری کردووه‌، بۆ ده‌نگدان سه‌رجه‌میان دامه‌زراون، ئه‌گه‌ر چاکسازی بکرێ ده‌بێت هه‌مویان ده‌ربکرێن.

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان درێژەی دا: به‌رای من ده‌رکردنه‌که‌ تازە ئاسان نیه‌، چوونکه‌ حزبه‌که‌ی ره‌نگه‌ قبووڵی نه‌کات هه‌ر حزبێک 30 هه‌زار که‌سی تێدا ده‌ربکه‌یت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌مه‌ ئاسان نیه‌، باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم داهاته‌کانی کوردستان کۆ بکاته‌وه‌، حزبه‌کان راده‌ستی حکوومه‌تی بکه‌ن، ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ ئه‌و سازشه‌ی بۆ به‌غدای ده‌که‌ن بۆ یه‌کتری بکه‌ن، ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ رێکی بخه‌ن نه‌وت و داهات و سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی دیکه‌ رێک بخەن، ئه‌مانه‌ بهێنن بزانین له‌سه‌دا چه‌ندی مووچه‌ ده‌کات، و هه‌ندێک خزمه‌تگوزاری پێ بکه‌ن و بێن له‌گه‌ڵ خه‌ڵک قسه‌ بکه‌ن و پێی بیکه‌ن، حکوومه‌ت ده‌بێت بڕیار بدات، خه‌ڵکی کوردستان ئێستا ده‌ڵێت با مووچه‌ که‌م نه‌کات، به‌ڵام سێ مانگ جارێک پێی ده‌درێت ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر دوو مانگیش بیداتێ ده‌کاته‌ رێژه‌ی 50%، ئێستا با بێ 40%ی ببڕێ و هه‌مو مانگێک بیدات، خه‌ڵکه‌که‌ خۆشی تێناگات ئه‌مه‌ پێویستی به‌رێکخستن هه‌یه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189644

Your Comment

You are replying to: .
captcha