بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، پێویستە هەولێر و بەغدا پەلە لە گفتوگۆکاندا بکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت پێویستە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە بڕیارە بچێتە بەغدا، ئەمجارە كۆتایی بە گفتوگۆكانی بھێنێت و رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی تازە واژۆ بكات، چونكە ناكرێت لەمە زیاتر كات بكوژن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دكتۆر ئەحمەد سەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە: "چوونی شاندی كوردی بۆ بەغدا، ھەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە چارەسەركردنی كێشەكان و ھەنگاوی باشیش نراوە لە چارەسەركردنی كێشەكان، بۆیە بەردەوام دەبن تا دەگەنە رێككەوتن".

سەفار باسی لەوەش كرد: "پێویستە پەلەی لێ بكرێت و زیاتر كات نەكوژن و رێككەوتن واژۆ بكەن و ئەمجارە كە چوونە بەغدا بە بێ رێككەوتن نەگەڕێنەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بگەنە رێككەوتن".

ناوبراو گوتیشی: "پێشبینی دەكەین ئەمجارە بگەنە رێككەوتن و كۆتایی بەو كێشانە بێنن كە لە نێوانیاندا ھەن، چوونكە پێویستە بەغدا مووچەی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات".

لای خۆشیەوە ، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڤیان سەبری رایگەیاند، ھەرێم و بەغدا مەبدەئییەن گەیشتوونەتە رێككەوتن و تەنھا ماوە لەسەر وردەكارییەكان رێككەوتن بكەن، بۆیە كە چوونە بەغدا، ھەوڵی رێككەوتن دەدرێت.

سەبری گوتیشی، ھەردوو لا ئامادەییان نیشان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189607

Your Comment

You are replying to: .
captcha