کوردپرێس: ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6-8-2020 بە تەلەفیزیۆنی کوردستان24 گوتی: "لە ساڵانی رابردوودا شاری سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەست دەهێنا لەڕووی راکێشانی ژمارەیێکی زۆری گەشتیاران و بەدەست هێنانی داهات، بەڵام ئەمساڵ کۆرۆنا هێناوینەتییەوە خاڵی سفر".
ئارام شوانی ئاشکراشی کرد: ساڵی رابردوو لەمکاتانەدا زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار گەشتیار روویان لە سنووری سلێمانی کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارودۆخەی کۆرۆنا دروستی کردووە، تەنیا لە سەرەتای مانگی شوباتدا رێژەیێکی کەم گەشتیار روویان لە سنووری سلێمانی کردووە، کە ژمارەیان لە 100 هەزار گەشتیار تێنەپەڕیوە.
ناوبراو وتیشی لە سنووری سلێمانی زیاتر لە 1300 خاوەن مۆڵەتی پڕۆژەی گەشتیاری هەبوون، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، دەیان خاوەن مۆڵەتی گەشتیاری مامەڵەی پووچەڵ کردنەوەی مۆڵەتەکانیان کردووە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت ئەم حاڵەتەی کۆرۆنا دروستی کردووە "بە ئاسانی ساڕێژ ناکرێت"، چوونکە جگە لە زیانگەیاندن بە خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان، سەدان دەستی کاریشی بێکار کردووە.
ئارام شوانی جەختیش دەکاتەوە لەوەی "بەگشتی تەنیا لە ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی رابردوو، زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار زیان بە کەرتی گەشتیاری کەوتووە لە سنووری پارێزگای سلێمانی".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment