بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نوێترین پەیامیدا لەڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەکەوە بڵاوی کردەوە، "تا ناوەڕاستی مانگی تەموزی ئەمساڵ لە 160 وڵاتی جیهان دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بە داخراوی مابوونەوە، بەوهۆیەشەوە زیاتر لە میلیارێک خوێنکار کە زیاتر لە 40 ملیۆنیان منداڵن هەلی فێرکردنیان لەدەست چووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت پێش بڵاوبوونەوەی پەتاکەش زیاتر لە 250 ملیۆن منداڵ بێبەش کراون لە خوێندن، زۆرینەی ئەو منداڵانەش لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوودان.
گۆتێرێس لەو گرتە ڤیدیۆیەدا هەڵمەتێکی بەناوی "داهاتوومان رزگار بکەن" دەستپێکرد، بۆ راگرتنی کارەساتی فێرکاری نەوەکان، چوونکە دەبێتەهۆی پەکخستنی تواناکانی مرۆڤایەتی لە گەشەسەندن.
ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەش کرد، پێویستە گەڕانەوەی خوێندکاران بەشێوەیێکی سەلامەت بکرێتە پێشینەی کارەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش راوێژ بە مامۆستایان، گەنجان و چاودێرانی پڕۆسەی خوێندن و فێرکاری بکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment